ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە تەواوی لە بنکەی عەین ئەسەد کشانەوە
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24 گوت: هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بەرەو سووریا کشاونەتەوە.
چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدیان چۆڵ کردووە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ئاماژەشی داوە، هێزەکان بەرەو سووریا کشاونەتەوە و تەنیا کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان لەو بنکەیە ماونەتەوە
ئاشکراشی کردووە، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکان لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دوێنێ شەو دەستی پێ کردووە، لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی سەربازییەوە ئەنجام دراوە و دوو کاتژمێری خەیاندووە.
ڕۆژی چوارشەممە، 31ی کانوونی یەکەمی 2025، فەریق یەکەمی ڕوکن قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاندبوو، ڕێکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی "عەین ئەسەد" لە ڕۆژئاوای عێراق گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێتەوە.
محەممەداوی جەختی کردبووە، کە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سێ مانگ لەمەوبەر یەکلایی بووەتەوە و ئێستا هیچ ئەندامێکی بیانی لەناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا نەماوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی عێراق و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش، لە عێراق جێگیر بوون.
ئاماری ئۆپەراسیۆنەکان و گورزوەشاندن لە داعش
لە تەوەری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ئامارەکانی ساڵی 2025 خرانە ڕوو، کە تێیدا هێزە عێراقییەکان 37 ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و 93 هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە. ئەم چالاکییانە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 90 چەکداری ڕێکخراوی داعش، کە لەنێویاندا سەرکردەی باڵا هەبوون، دیارترینیان سەرکردەیەک بووە بە ناوی "ئەبو خەدیجە.
بە پێی گوتەی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، ئەم دەستکەوتانە دەرەئەنجامی پەرەسەندنی توانای هەواڵگریی ناوخۆیی و چاودێریی ئاسمانی بووە، بە جۆرێک کاتژمێرەکانی فڕینی فڕۆکە هەواڵگرییە عێراقییەکان 9 هەزار کاتژمێری تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی کەمبوونەوەی هێزی هاوپەیمانان دروست بووە.