کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکات لە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا
کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع بووە هۆی هێورکردنەوەی گرژییەکانی سووریا. دەشڵێت "هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە نموونە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان."
جۆو ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، بە عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ی گوت، پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەو وڵاتە بایەخێکی زۆری هەبوو.
ئەو، پێی وایە هەرێمی کوردستان لە عێراق دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی باش بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. بە جۆرێک کورد لە ڕۆژئاوا شێوازێک لە سەربەخۆییان هەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.
ویڵسن هەروەها ڕایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا خوازیاری سەقامگیرییە بۆ عێراق و ناوچەکە. ئەو سەقامگیرییە بە هاوکاریی مارک ساڤای لە عێراق بەدیدێت و وڵاتەکە دەبێتە خاوەن سەروەریی خۆی."
لەم دواییانەدا و دوای هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا.
لەو پەیوەندییەدا، شەرع جەختی لەوە کردەوە کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە و دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە گەرەنتیکردنی تەواوی مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کورد وەک هەموو پێکهاتەکانی دیکە.
کۆنگرێسمان جۆ ویڵسن، یەکێکە لە دۆستە دێرینەکانی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا و چەندین جار پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و مافەکانی کورد دووپات کردووەتەوە.
ناوبراو پێی وایە عێراق دەرفەتێکی لەپێشە بۆ گەشەکردن ئەگەر ڕەفتارەکانی بگۆڕێت و پێویستە ڕێز لە ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگیرێت.