ڕێگەی 148 گوندی سنووری سیدەکان لە بەفر پاککرایەوە
شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین سنووری قەزای سیدەکانی گرتووەتەوە و ئاستەنگی هاتوچۆی لە ڕێگەی سەرەکیی نێوان سیدەکان - سۆران و زیاتر لە 148 گوندی سنوورەکە دروستکردووە.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئاستەنگ بۆ ڕێگەی سەرەکی و گوندەکان دروست بووە، بەڵام دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێکی تایبەتی قایمقامیەتی سیدەکان، دەستیان بە پرۆسەی ڕاماڵینی بەفرەکە کرد.
قایمقامی سیدەکان ئاماژەی بەوەش دا، سەرەتا تیمەکان دەستیان بە پاککردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکان کردووە و دواتریش ڕێگەی نێوان گوندەکان پاک کراونەتەوە، ئێستاش دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و هاتوچۆ بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە.
سەبارەت بە بڕی بەفرەکە، ئیحسان چەلەبی ئاشکرای کرد، لە هەندێک ناوچەی سنوورەکە ئەستووریی بەفرەکە لە نێوان 40 سانتیمەتر بۆ 2 مەتر بووە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی پێوانەییە و لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا یەکەم جارە بەم ڕێژەیە بەفر لەو ناوچەیە ببارێت.
قەزای سیدەکان لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و بە یەکێک لە ناوچە شاخاوییە ساردەکان دادەنرێت، کە نزیکەی 144 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە.