هۆنراوهیهكی ئهردۆغان گرژی دهخاته نێوان ئێران و توركیا
ئێران چارهنووسی سهددام بهبیر ئهردۆغان دههێنێتهوه
K24- ههولێر:
ھێشتا کاردانەوەکانی ھۆنراوەکەی ئەردۆغان لە باکۆی پایتهختی ئازهربایجان بەردەوامن، کە بووە ھۆی تووڕەکردنی بەرپرسانی ئێران. دوای وەڵامدانەوەی محهمهد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، نوێنەری شاری ئیلام لە پەرلەمانی ئێران ئامۆژگاری ئەردۆغان دەکات، کە سەیرێکی چارەنووسی سەددام بکات و چیتر یاری بە کلکی شێر نەکات. تورکیاش باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەی بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکات و پیێدەڵێت: ئێوە دۆست و دوژمنی خۆتان لەیەك جیاناکەنەوە و بەھیچ شێوەیەك سووکایەتیکردن قبووڵ ناکەین.
دوای 6 ھەفتە شەڕ و پێكدادان لە ھەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ، ئازەربایجان چەند ناوچەیەکی لە دەست ئەرمینیا دەرھێنا. سەرۆك کۆماری تورکیا بۆ پیرۆزبایی سەردانی باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەکات. لەوێ ھۆنراوەی ئاراس ئاراس دەڵێتەوە. ھۆنراوەکە باس لەوە دەکات، رووباری ئاراس ئازەربایجانی کردووەته دوو بەش و رۆژێك دێت ئەم دوو بەشە یەك بگرنەوە. بەشێکی ئەو ئازەربایجانەش دەکەوێتە ئێران. ئەمەش بەرپرسانی ئێرانی زۆر تووڕە کردووە.
دوای وەزیری دەرەوە، نوێنەری شاری ئیلام لە پەرلەمانی ئێران ئامۆژگاری ئەردۆغان دەکات، کە یاریکرن بە کلکی شێر ئەنجامێکی باشی نابێت و داوا لە ئەردۆغان دەکات، سەیرێکی سەددام بکات و بزانێ چ چارەنووسێکی ھەبوو؟
ئەندام پەرلەمانە ئێرانییەکە دەڵێت: کودەتاکەی 2016ەی تورکیا دەستکیسەی ئەردۆغان بوو و ئامانج لێی لەناوبردنی نەیارەکانی بوو. ئێستاش ئەگەر بیەوێت بە عەقڵیەتی عوسمانیەکان بیر بکاتەوە و لە سیاسەتە داگیرکارییەکانی بەردەوام بێت، ئێرانیەکان ئامادەن دوا بزمار لە تاوبووتەکەی بدەن.
تووڕەیی بەرپرسانی ئێران بەوەش دانەمرکاوەتەوە و باڵیۆزی تورکیا لە وڵاتەکەیان بانگھێشت دەکەن و بە فەرمی نارەزایی تارانی پێدەگەیێنن.
تورکیا وەڵامدەداتەوە و عومەر چەلیك و فەھرەدین ئاڵتوون، بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیدانەی لێدوان و ھەرەشەکانی بەرپرسانی ئێران دەکەن و دەڵێن: ئەو بەرپرسانەی ئێران دۆست و دوژمنی خۆیان لێك جیا ناکەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەش بە ھەمانشێوە باڵیۆزی ئێران بانگھێشت دەکات و نارەزایی ئەنقەرەی پێدەگهیهنێت.
سەرەڕای کۆکبوونیان لەسەر چەند پریسێك، بەڵام ئەنقەرە و تاران نەیاری مێژوویی یەکترن و لە زۆر بابەتەدا دژی یەکترن. ترسی ئێرانیش لەم ھۆنراوەی ئەردۆغان ئەوەیە، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە سنورییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئازەربایجانەوە، ئەم سیاسەتەی ئەردۆغان بیری سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئێران لەناو ئازەرییەکانی وڵاتەکەیدا زیندوو بکاتەوە، کە ھەرسێ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژھەڵات، ئازەربایجانی رۆژئاوا و ئەردەبیل پێکدەھێنن.
H.B