وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سەڵتەنەی عوممان جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سەڵتەنەی عوممان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە ناوچەکە لە هەر جۆرە ململانێ و گرژییەکی نوێ بە دوور بگیرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەدر ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عوممان، جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی لە بازنەی ململانێکان کردەوە.
فوئاد حوسێن، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا عوممانییەکەی ئەنجام داوە. لەو پەیوەندییەدا، وێڕای گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، باس لە ئەنجامی سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەلبوسعیدی بۆ ئێران و پێشهاتەکانی دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، کراوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە، کە لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، تاوتوێی نوێترین گۆڕانکارییەکانی دۆخی یەمەن کراوە، هاوکات فوئاد حوسێن، بەدر ئەلبوسەعیدی لە ڕەوتی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئاگادار کردووەتەوە.
هەروەها فوئاد حوسێن ڕوونی کردووەتەوە، کە جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی لە ململانێکان کردەوە، هاوڕاشبوون لەسەر پێویستیی چارەکردنی قەیرانی یەمەن لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانی ئاشتییانەوە.