پەیەدە و ئەنەکەسە جەخت لە چارەکردنی پرسی کورد لە سووریا دەکەنەوە
سەرکردەکانی پەیەدە و ئەنەکەسە، لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی چارەکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری ساڵی ڕابردوو کردەوە، هاوکات هەڵوێستی هاوبەشیان بۆ دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب ڕاگەیاند.
پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، شاندێکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە حەسەکە کۆبوونەوە و دوایین پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی داخراو و دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوە چووە. تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان هەڵسەنگاندن بووە بۆ دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، کە ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا لەسەر هەڵوێستێکی یەکگرتوو و هاوبەش ڕێککەوتن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و کاروباری خۆیان بە دەستی خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی "ڕێککەوتنی 1ـی نیسان"ـدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی "ڕێککەوتنی 10ـی ئادار" و ئاماژەیان بەوە دا کە پێویستە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا چارە بکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆ و ڕاوێژەکان لە نێوانیاندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی داهاتوو.
شەوی 10ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازی بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکرد.
سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی کرد، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوون.
هەروەها لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان، تا ئێستا 216 هاووڵاتی سڤیل کوژران و 100ـی دیکەش بریندار بوونە.