دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی حەلەب

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایدەگەیەنێت، کە تا ئەمڕۆ هاوکاریی پێشکەش بە زیاتر لە 17 هەزار کەس کردووە و هاوکات پرۆسەی گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستی پێکردووە.

نووسینگەی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە شەشەمین ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا، ئاماری کار و چالاکییەکانی تا ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تیمەکانی دەزگاکە توانیویانە تا ئێستا هاوکاری بگەیەننە 17 هەزار و 813 کەس، هاوکارییەکان پێکهاتوون لە؛ دابینکردنی ژەمی خواردنی گەرم، خۆراکی وشک، پێداویستی زستانە و هاوکاری پزیشکی.

 

سەرەڕای مەترسییەکان، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە عەفرینەوە بۆ حەلەب دەستی پێکردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:

لە ڕێکەوتی 12ــی کانوونی دووەمی 2026، یەکەم کاروان کە لە 750 خێزان پێکهاتبوو گەڕانەوە.

لە ڕێکەوتی 13ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕێگەی 15 پاسەوە زیاتر لە 750 کەسی دیکە گەڕانەوە حەلەب.

لە ڕێکەوتی 14ـی کانوونی دووەمی 2026، زیاتر لە 800 کەسی دیکە گەڕانەوە بۆ حەلەب.

 

پلان و هاوکارییە بە پەلەکان

بۆ ئەمڕۆ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پلانی داناوە سەبەتەی خۆراکی خێرا بەسەر هەزار کەسدا دابەش بکات کە دەگەڕێنەوە حەلەب، هاوکات سەردانی مەیدانی بۆ 22 خێزان ئەنجام دەدەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکانیان.

 

ئاماری قەیرانەکە

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە 8ـی کانوونی دووەمی  2026، نزیکەی 27 هەزار و 750 خێزان، کە دەکاتە 138 هەزار و 750 ئاوارە بوون، کە 90%ـیان ڕوویان لە عەفرین کردووە.

 

بەخشەرەکان

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ستایشی ڕۆڵی بەخشەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی کردووە، لەوانە؛ (Peace Village، KHALSA AID، ZER COMPANY ، Tofin Catholic Church و Media International School و ڕێكخراوی اغصان الكرمة)، کە بەشدارییان لە دابینکردنی هاوکاری بۆ هەزاران خێزان کردووە.

 

کۆی گشتی سوودمەندان لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 17 هەزار و 813 کەس.

 خواردنی گەرم؛ بۆ 12 هەزار و 17 کەس دابین کراوە.

خواردنی وشک؛ بۆ سێ هەزار و 360 کەس دابین کراوە.

هاوکاری پزیشکی؛ بۆ 685 کەس کراوە.

پاڵپشتی دەروونی منداڵان؛ بۆ 643 منداڵ کراوە.