تونجەر باکرهان: بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەک دانان هەسەدە ناگرێتەوە
تونجەر باکرهان، دەڵێت: بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەک دانانی پەکەکە، هەسەدە ناگرێتەوە، هاوکات ڕەخنە لە حکوومەتی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: لایەنی کوردی هەنگاوی زۆر گەورەی لەسەرخستنی پرۆسەی ئاشتی ناوە، بەڵام تا ئێستا لایەنی دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ و جددی نەناوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئاماژەی بەوەشکردووە، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، تەنیا تایبەت بووە بە چەک دانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆیە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ناگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لایەنی کوردی هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە لەمیانی پرۆسەی ئاشتیدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددی لەلایەن دەسەڵاتەوە نەنراوە.
جەختی لەوەکردووەتەوە، زمانی هەرەشە بەرانبەر هەسەدە بەکاردەهێندرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، بە پێچەوانەوە هیچ کاتێک هەسەدە نابێتە هەرەشە بۆ سەر تورکیا، بۆیە پێویستە تورکیا هەڵوێتستێکی بنیاتنەر بگرێتە بەر لەبابەتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، کورد پێویستی بەوەیە لە سووریا لە ژینگەیەکی ئارامدا بژیت، بۆ ئەمەش پێویستە تورکیا وڵاتێکی گەرەنتیکار بێت.
رۆژنامەی تورکیا کە نزیکە لەدەسەڵاتی تورکیا رایگەیاندووە، راپۆرتی کۆتایی کۆمیسۆنی پەرلەمان کە تایبەت بە پێشنیازی چاکسازییە یاساییەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی ئامادە دەکرێت هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت، رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، بەهیچ جۆرێک راپۆرتەکە پێشنیازی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان و لێبووردنی گشتی بۆ زیندانییانی پەکەکە لەخۆ ناگرێت.
بەڵکو باس لەوە دەکرێت، هەریەکە لە ئاکپارتی، مەهەپە و جەهەپە پێشنیازییان کردووە بەهیچ جۆرێک چاکسازی یاسایی ئەنجام نەدرێت تا پەکەکە بەتەواوەتی چەک دانەنێت و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان پشتراست نەکرێتەوە کە پەکەکە کۆتایی هاتووە، دەم پارتی داوی کردووە چاکسازی ئەنجام بدرێت بەر لەوەی پرۆسەی چەک دانان تەواو بکرێت، بەڵام بە قسەی رۆژنامەکە بێت لە راپۆرتەکەدا ئەم داواکارییە جێی نابێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی باسی لێوە کراوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا، پشتراستییان کردوەتەوە کە هیچ هەنگاوێکی یاسایی نانرێت تا بەتەواوەتی دڵنیا نەبن لەوەی پەکەکە بەتەواوەتی چەکی داناوە و هەسەدەش بە تەواوی رێککەوتنی 10ی ئاداری لەگەڵ حکوومەتی سووریا جێبەجێ کردووە.
هاوکات باس لەوەشکراوە، لەنێو راپۆرتەکەدا پێشنازی جێبجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و هەڵگرتنی قەییوم دەکرێت.
کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی کە تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، لە قۆناغی ئامادەکردنی راپۆرێتێکە کە پێکدێت لە پێشنیازی چاکسازیی یاسایی تایبەت بە پرۆسەکە و دوای ئامادەکردنی بۆ دەنگدان لەسەری ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت.