نێچيرڤان بارزانى و ماكرۆن دۆخى ناوچهكه تاوتوێ دهكهن
نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر پێکدادانەکانی سووریا، پشتیوانیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق دووپات کردەوە؛ هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستیی جێگیرکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا کردەوە و سەرۆکی فەرەنساش ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و تیێدا دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد و بەتایبەتی سەرنجیان خستە سەر پێشهاتەکانی سووریا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا نیگەرانیی قووڵیان بەرانبەر بە ئاڵۆزی و پێکدادانەکان لە سووریا دەربڕی و داوایان کرد هەموو لایەک دۆخەکە هێور بکەنەوە. هەروەها پشتگیرییان بۆ دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەربڕی و جەختیان لە پاراستنی خەڵکی سڤیل کردەوە.
سەرۆکایەتی هەرێم دەشڵێت: هەر لەم بارەیەوە ماکرۆن ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ میانگیری و هەوڵەکانی لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخی سووریا و ڕێگەگرتن لە ئاڵۆزیی زیاتر.
بە گوێڕەی ڕاگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە، پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پشتگیریی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسا لەپێناو نەهێشتنی گرژی و ئاڵۆزییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا، دەربڕی.