مەریوان حاکم هادی: بە سێ سەرچاوەی دارایی خزمەتگوزاری دەگەیەنینە زەویی فەرمانبەران

مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بە خێرایی بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا 34 هەزار پارچەزەوی لە سنووری شارەوانییان دابەش کراون. هاوکات ناوبراو داوا لە فەرمانبەران دەکات زەوییەکانیان هەرزانفرۆش نەکەن.

شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت، ئێمە دەستبەجێ دەستمان کرد بە دیاریکردنی زەوییە شیاوەکان. تەنیا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئێمە (دەرەوەی سەنتەری شار)، نزیکەی 104 هەزار دۆنم زەوی ڕووپێوی کراون.

سەبارەت بە ژمارەی فۆرمەکان، ئاماژەی بەوە کرد: "تا ئێستا 48 هەزار فۆرمی فەرمانبەران لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی و پاشان بۆ ئێمە نێردراوە. لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێریش (سەنتەری شار) نزیکەی 50 هەزار فۆرم گەیشتووە."

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ڕوونی کردەوە: "تا ئێستا لە سنووری شارەوانیمان 34 هەزار پارچەزەوی دابەش کراون. لە هەفتەی داهاتوو و دواتردا، تیروپشک بۆ دوو بۆ سێ شارەوانیی دیکەش دەکرێت. پێشبینی دەکەین تا سەرەتای مانگی ئادار، نزیکەی 80% بۆ 85%ـی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئێمە کۆتایی پێ بێت.

مەریوان حاکم هادی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی زەوی ئەوەیە فەرمانبەر پێشتر سوودمەند نەبووبێت. ناوبراو گوتی: "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت فەرمانبەرێک دووجار سوودمەند بێت. ئەگەر ناویشی لە تیروپشک دەرچێت، دواتر لە قۆناغی وردبینیدا ناوەکەی دەسڕدرێتەوە."

هەروەها هۆشداریی دا: "ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند بوون و جارێکی دیکە فۆرمیان پڕ کردووەتەوە، بەپێی ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە."

سەبارەت بە شوێنی زەوییەکان و خزمەتگوزاری، مەریوان حاکم هادی دڵنیایی دا: "هەوڵمان داوە ئەو زەوییانە دیاری بکەین کە زۆر نزیکن لە سنووری شارەوانییەکانەوە، بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا و بە تێچوویەکی کەمتر خزمەتگوزارییان بۆ ببەین."

ئاشکراشی کرد کە بودجەی پێویست بۆ خزمەتگوزاری لە چەند سەرچاوەیەکەوە دابین دەکرێت، لەوانە: بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و 15%ـی داهاتی شارەوانی.

گوتیشی: "بەشێک لەو زەوییانەی دابەش کراون، وەک لە (بەحرکە و بنەسڵاوە)، ئێستا خزمەتگوزاریی سەرەتاییان تێدایە و دەتوانرێت خانوویان لەسەر دروست بکرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر داوای لە فەرمانبەران کرد کە زەوییەکانیان بە هەرزان نەفرۆشن، چونکە حکوومەت جددییە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە و لە داهاتوودا دەبنە شوێنی نیشتەجێبوونی بە نرخ.

دەربارەی ئەوەی ئایا وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون یان قەرزی نیشتەجێبوون ڕێگرە لە وەرگرتنی زەوی، مەریوان حاکم هادی ڕوونی کردەوە: "کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی تایبەت هەن؛ بەشێکیان هەژمار دەکرێن بە سوودمەند و بەشێکیان نا، ئەوەش بەپێی وردەکاریی دۆسیەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە."

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.