لە سوەیدا دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا خۆپیشاندانە
دەیان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدا لە گۆڕەپانی کەرەمە لە ناوەندی شارەکە کۆبوونەوە، مەبەستی گردبوونەوەکە دەربڕینی هاوپشتی بوو بۆ مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و رەتکردنەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە رۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامی دەدەن.
بەشداربووان لافیتەیان بەرزکردەوە تێیدا جەختیان لە هاوسۆزی خەڵکی سوەیدا بۆ کورد کردبووەوە. هەروەها لە نێو گردبوونەوەکەدا ئاڵاکانی کوردستان، پێکهاتەی درووز و ئاڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێکەوە هەڵکرابوون، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکڕیزی لە بەرامبەر هێرشەکان.
سلێمان شێخ، چالاکوان و یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە، بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو جەخت لە پشتیوانیمان بۆ مافەکانی گەلی کورد بکەینەوە و ئەو پەلامارە سەربازییانە رەتبکەینەوە کە ئێستا کوردەکانی کردووەتە ئامانج."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی ئەمڕۆ کورد رووبەڕووی دەبێتەوە، هاوشێوەی ئەو نەهامەتییانەیە کە پێشتر سوەیدا و ناوچەکانی دیکەی سووریا بینیویانە لە رووی بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەر بنەمای نەتەوەیی.
گوتیشی: "بێدەنگی لە ئاست ئەم پێشێلکاریانە رێگە خۆش دەکات بۆ دووبارەبوونەوەی بەرامبەر هەر پێکهاتەیەکی دیکەی سووری."
ئەو چالاکوانە داوای راگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانەی کرد کە مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکات، جەختیشی کردەوە هاودەنگی نێوان سوورییەکان تەنیا رێگایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی.
ئەم گردبوونەوەیە لە کاتێکدایە هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) لە رۆژهەڵاتی حەلەب. سوپای عەرەبی سووریا رایگەیاندووە چوونەتە ناو شاری ستراتیژی "تەبقە" لە کەناری رووباری فورات، بەڵام لە بەرامبەردا هێزەکانی هەسەدە دووپاتی دەکەنەوە کە شارەکە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.