هەزاران کەس لە دانیمارک دژی هەڕەشەکانی ترەمپ رژانە سەر شەقامەکان

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین هەڕەشەیدا بە ئەوروپییەکانی ڕاگەیاند، باجی نوێ بەسەر چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا دەسەپێنێت، مەگەر ڕێککەوتن بۆ کڕینی گرینلاند بکرێت، لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپشدا هەزاران کەس لە دانیمارک وەک هاوخەمیەک بۆ خەڵکی گرینلاند رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن، خۆپیشاندەران چەندین لافیتەیان بە دروشمی "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە"، لەگەڵ ئاڵای سوور و سپی خاکەکە بەرز کردبووەوە.

جولی ڕادێماچەر، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاوگوت دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ، ئێمە نامانەوێت ئەمریکی بین، ئێمە گرینلاندین و دەمانەوێت لە جیهانێکی دیموکراسیدا بژین، هیوادارین ئەمریکییەکان پشتگیریمان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گرینلاند و گەلەکەی بەبێ مەبەست بوونەتە هێڵی پێشەوەی خەبات بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.

لەلایەکی دیکەوە ئەلێکساندەر واڵاس، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و دەڵێت: "هەرگیز تاکە ئەمریکییەکم نەبینیوە کە بە پێچەوانەوە بیربکاتەوە، پێویستە گرینلاند ئازاد بێت، گرینلاندیش سەر بە گەلەکەی بێت نەک هی ئەمریکییەکان".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتانی ئەوروپی لەسەر داوای دانیمارک 37 سەربازییان ڕەوانەی ئەو دوورگەیە کردووە.

ناڕەزایەتییەکان لە دوێنێ شەممەوە دژی لێدوانەکانی کۆشکی سپی سەبارەت بە بیرکردنەوەی بژاردەکانی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی گرینلاند سەریهەڵداوە.

لێدوانە دووبارەکانی ترەمپ سەبارەت بەو دوورگەیە بووەتە هۆی قەیرانێکی دیپلۆماسی بێ وێنە لە نێوان ئەمریکا و دانیمارک کە هەردووکیان ئەندامی دامەزرێنەری ناتۆن و لە ئەوروپاش بە شێوەیەکی بەرفراوان ئیدانە کران.

گرینلاند کە ژمارەی دانیشتووانی 57 هەزار کەسە و بۆ چەندین سەدەیە لە ژێر دەسەڵاتی کۆپنهاگندایە، لە ساڵی 1979ەوە بووەتە نیمچە سەربەخۆ و خۆی بەرێوە دەبات، بەڵام وەک بەشێک لە شانشینی دانیمارک دەمێنێتەوە کە کۆنترۆڵی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات و بەشێکی زۆری ئیدارەکەی دابین دەکات.

شاندێکی یاسادانەرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ڕۆژی هەینی لەگەڵ سەرکردەکانی دانیمارک و گرینلاند کۆبووەوە و دڵنیایان کردەوە لە پشتیوانی کۆنگرێس.

ڕاپرسییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز دەریخستووە کە تەنیا 17%ی ئەمریکییەکان هەوڵەکانی ترەمپ بۆ لکاندنی گرینلاند پەسەند دەکەن، هەروەها زۆرینەی زۆری دیموکرات و کۆمارییەکان دژی بەکارهێنانی هێزی سەربازین بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دوورگەکە، ترەمپیش ڕاپرسییەکەی بە "ساختە" ناوبرد.