شێخ نایف جاسم؛ داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ڕێوشوێنی توند بۆ پاراستنی سنوورەکانی بگرێتە بەر
شێخ نایف جاسم قاسم، نوێنەری بنەماڵەی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ ئێمە بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریا و ئەو ڕێککەوتنە دەکەین کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی نوێی سووریادا واژۆ کراوە. لێرەوە حکوومەتی عێراق ئاگادار دەکەینەوە کە پێویستە لەوپەڕی وریاییدا بن و ڕێوشوێنی توند بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا بگرنە بەر، بەتایبەت لە ڕێگەی بەهێزکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا بڕگەی ڕادەستکردنی ئیدارەی زیندانەکان و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی خێزانەکانی داعشی تێدایە بۆ حکوومەتی نوێی سووریا. ئێمە هۆشداری دەدەین ئەم هەنگاوە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و جددییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکانمان، بەتایبەتی بۆ سەر پێکهاتەی ئێزیدی کە هێشتا برینەکانی ساڕێژ نەبوونەتەوە.
داوا لە خوشک و برایانی ئێزدی و تەواوی هێزە ئێزیدییەکان دەکەین، بەبێ ڕەچاوکردنی ناو و ناسنامە سیاسییەکان، بگەنە لێکگەیشتنێکی هاوبەش. پێویستە هەموومان یەکدەنگ بین لەسەر چۆنیەتی پاراستنی ناوچەکانمان لە هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری و بە وردی چاودێری پێشهاتەکان بکەین.
شەش ساڵ لەمەوبەر، حکوومەتی عێراق، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە مەترسییەکان ئاگادار کردەوە. ئەمڕۆ دووبارە ئەو هۆشدارییە دووپات دەکەینەوە: نابێت ڕێگە بدرێت مێژووی تاڵ و هێرشە قێزەونەکانی ساڵی 2014، داعش دووبارە ببنەوە؛ پاراستنی ئێزیدییەکان ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە.