بڕیاری زیادکردنی باج؛ بازاڕی مووسڵ سست دەکات و کرێکاران بێکار دەخات
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ زیادکردنی باج لەسەر چەندین جۆر کاڵای هاوردەکراو، بۆرسەی بازرگانیی مووسڵ و بازاڕەکانی ئەو شارە تووشی سستی و وەستان بوونەتەوە. هاووڵاتییان و کاسبکاران نیگەرانن و باس لەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بژێوی ژیانیان دروست کردووە.
هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوانی بڕیاری باشتر بوون لە حکوومەت بۆ باشکردنی دۆخی ژیانیان، نەک بارگرانیی دارایی.
حەسەن مەحمود، هاووڵاتییەک لە مووسڵ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێمە خەڵکی باشمان هەڵبژارد تا سوودمان پێ بگەیەنن، بەڵام حکوومەت بە پێچەوانەوە بڕیاری دا و بە زیادکردنی باج، کاریگەرییەکی خراپی کردە سەر ڕەوشی ژیانی ئێمە."
لە لایەکی دیکەوە، فرۆشیاران ترسیان لە داهاتووی بازاڕ هەیە. حوسام تایی، کە فرۆشیارێکی بازاڕەکەیە، دەڵێت: "ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، زۆربەی بازاڕەکان دادەخرێن. ناکرێت حکوومەت باج لەسەر دەرمان و شیری منداڵان زیاد بکات، لە کاتێکدا داهاتی کرێکارێک تەنیا 15هەزار دینارە."
تەنیا چەند ڕۆژێک بەسەر دەرکردنی بڕیارەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر کرێکاران دەرکەوتووە. ئەو کرێکارانەی پێشتر ڕۆژانە بە 20 هەزار دینار کاریان دەکرد، ئێستا نیوەی ئەو بڕەشیان دەست ناکەوێت.
سامر ئەحمەد، کرێکارێکە و دەردەدڵی خۆی دەکات: "پێشتر کار باشتر بوو، بەڵام ئێستا نەماوە. ئەگەر پێشتر 7 هەزارمان دەستبکەوتایە، ئێستا تەنیا هەزار دینارمان دەستدەکەوێت. سێ ساڵە داوای مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیمان کردووە و بۆمان نەکراوە، ئەمە تەنها کێشەی من نییە، بەڵکو کێشەی زۆربەی گەنجانە."
لە ڕووی دەستوورییەوە، زیادکردنی هەر باجێک پێویستە لە ڕێگەی یاسایەکەوە بێت کە پەرلەمان پەسەندی بکات، بەڵام ئەم بڕیارە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرکراوە. هەرچەندە هێشتا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تەنها دەنگۆکەی وای کردووە نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و بزووتنی بازرگانی لە مووسڵ سست ببێت.