تەقینەوەیەك لە شاری قوم لە ئێران روویدا
دوو كەس كوژران و 8 كەسی دیكەش بریندار بوون لە ئەنجامی تەقینەوەیەكی گەورە لە یەكێك لە كارگەكانی نزیك شاری "قوم"ی ئێرانی

K24 – ھەولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە تەلەڤزیۆنی ئێران رایگەیاند، دوو كەس كوژران و 8 كەسی دیكەش بریندار بوون لە ئەنجامی تەقینەوەیەكی
گەورە لە یەكێك لە كارگەكانی نزیك شاری "قوم"ی ئێرانی.
چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە تیادا دووكەڵێكی گەورە لە شوێنی تەقینەوەكە لە ئاسمان بەدیار دەكەوێت.
ئاژانسی "میھر"ی ئێرانی بۆ ھەواڵ رایگەیاندووە، "دوو كرێكار گیانیان لەدەستداوە دوای ئەوەی تەنوورێكی كارگەیەكی تواندنەوەی كانزاكان تەقیوەتەوە لە شاری "سلفشجان"ی پیشەسازی.
مەھدی فراھانی، گوتەبێژی بەشی فریاگوزاری بە ئاژانسەكەی گوتووە: "تا ئێستا 5 بریندار بە دوو فڕۆكە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و 3 كەسی دیكەش لە نۆرینگەكانی دەرەوە چارەسەركراون.
"میھر" ئاماژەشیكردووە بەوەی "تیمەكانی ئاگركوژاندنەوە و مانگی سوور رەوانەی شوێنی رووداوەكە كراون، بەڵام ژمارەی ورد و راستەقینە دەربارەی ھۆكاری رووداوەكە و ژمارەی قوربانیان رانەگەیەنراوە".