شەڕ لە کۆبانێ ڕوویدا

میدیاکانی نزیک لە هەسەدە ڕایانگەیاند: سوپای عەرەبیی سووریا، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، چوارڕیانی سرینی لە دەوروبەری کۆبانێ کردە ئامانج.

دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، میدیاکانی نزیک لە هەسەدە، بڵاویان کردەوە، هەر ئێستا شەڕ و پێکدادان لە شاری کۆبانێ ڕوویدا.

ئاماژەیان بەوەش کرد، سوپای عەرەبیی سووریا، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، چوارڕیانی سرینی لە دەوروبەری کۆبانێ کردە ئامانج.

بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی زیانەکانی شەڕ و پێکدادانەکان ڕانەگەیەنراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕێککەوتنی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند، ڕێککەوتنەکەش لە 14 خاڵ پێکهاتبوو.

بە پێی ڕێککەوتنەکە دەبوو ئاگربەستی سەرتاسەری ڕاگەیەنرابووایە و شەڕی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە کۆتایی پێ هاتبووایە، بەڵام ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوانیان بەردەوام بوو.

هەر یەکە لە دیمەشق و هەسەدە، یەکتر بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە و شکاندنی ئاگربەست، تۆمەتبار دەکەن.