مەسەدە: دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ئاسایشی ناوچەکە کەوتوونەتە بەردەم هێرشی توندڕەوەکان

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتیی، هۆشداریی توند لەبارەی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی و سەربازی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ناوچەکە ئێستا شایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە بەهۆی ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانی سووریاوە ئەنجام دەدرێن؛ ئەو گرووپانەی لەژێر چەتری ناوپۆشی "حکوومەتی کاتی"دا کاردەکەن.

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە بە ئاشکرا گەلی کورد و هێزە بەرگریکارەکانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج. ئەوەش وە بیر دەهێننەوە کە ئەم هێزانە بوون لە ڕیزی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆردا بوون و ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.

مەسەدە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، سنوورێک بۆ ئەم هێرش و پێشێلکاریانە دابنێن، کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا.