لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەهەزاران کەس ئاوارەبوون

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەزاران کەس ئاوارە بوون.

کۆمیسیۆنەکە جەختی لەوەش کردەوە؛ بەردەوامن لە گەیاندنی هاوکارییەکان و هەوڵ دەدەن دڵنیابنەوە لەوەی کۆمەک و پێداویستییەکان بە شێوەیەکی گونجاو دەگەنە دەستی ئاوارەکان.

کۆمیسیۆنەکە دەشڵێت: نزیکەی هەزار و 700 خێزان لە تەبقە بەرەو قامشلۆ هەڵاتوون. هەروەها 102 خێزان گەیشتوونەتە کەمپی نەورۆز کە UNHCR فریاگوزاری و پەناگەی سەلامەت دابین دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە بەپەلەکان.

سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەست، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن و شەڕ لە نێوان هەسەدە و سپوای عەرەبی سووریا لە چەندین میحوەر درێژەی هەیە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئێستا شەڕێکی توند لە دەورووبەری زیندانی "تەقتان" لە ئارادایە. هاوکات شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی رەققە، شەدادێ و عەین عیسا بەردەوامە.

دوێنێ دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، هەموو شتێک لەپێناو گەلەکەمان دەکەین؛ لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان ژیانێکی بە شکۆ دەژین، یان شەهادەتێکی سەربەرزانە هەڵدەبژێرین.

لای خۆشیەوە، فەوزا یوسف، ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بانگەوازێکی بەپەلە گەلەکەمان لە باکووری کوردستان دەبێت ڕوو لە شارەکانی نسێبین و سرووج بکەن، چونکە ڕۆژئاوا لەژێر هێرشێکی سەختدایە و کورد کۆمەڵکوژ دەکرێن.

دەشڵێت: پێویستە گەنجان و خەڵکی باشووری کوردستانیش ڕوو لە دێرک بکەن و سنوورەکان ببەزێنن بۆ بەهانەوەچوونی خوشک و براکانیان و ئەمڕۆ ڕۆژی پاراستنی شکۆی نەتەوەییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دووشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع گەیشتەبوو دیمەشق، تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.