هەسەدە لە کەمپی هۆل کشایەوە

وەزارەتی بەرگریی سووریا: ئامادەین کەمپی هۆل و چەکدارەکانی داعش وەربگرین

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی بێباکانەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە پرس و مەترسییەکانی ڕێکخراوی داعش، هێزەکانی لە کەمپی هۆل بەرەو شارەکانی ڕۆژئاوی کوردستان کشاندەوە، هەروەها وەزارەتی بەرگریی سووریا ئامادەیی بۆ وەرگرتنی کەمپی هۆل و زیندانییەکانی داعش ڕاگەیاندووە.

هەسەدە ئەمڕۆ سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە کە بەرانبەر بە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگە و ئاماژەیداوە، بەهۆی هەڵوێستی بێباکی نێودەوڵەتی جددی نەبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی پرسی داعش و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی ، ناچاربوون هێزەکانی هەسەدە لە کەمپی هۆڵ بکشێنەوە و دووبارە لەو شارانەی باکووری سووریا جێگریان بکەنەوە، کە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی و زیاتربوونی هەڕەشەکان.

هەر لەمبارەوە جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کەمپی هۆل بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، کەمپەکە لە کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە دەرچووە و چەکداران هێرش دەکەنە سەر ناوەندەکانمان و دەیانسووتێنن.

گوتیشی: ئێستا تیمەکانی ڕێکخراوی مانگی سووری کورد، لە کەمپی هۆل ماونەتەوە و لەنێو ئاڵۆزییەکاندا گیریانخواردووە.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاندووە، ئامادەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەمپی هۆل و سەرجەم زیندانەکانی داعش لە ناوچەکە.

پێشتر شێخمووس ئەحمەد، سەرپەرشتیاریی کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پارێزگای حەسەکە لەبارەی ژمارەی داعشە زیندانیکراوەکان کەمپی ڕۆژ و هۆل بە کوردستان24ی ڕاگەیاندبوو، کەمپی هۆڵ 23 هەزار کەسی تێدایە، نزیکەی 15 هەزاریان هاووڵاتیی سووریان، نزیکەی شەش هەزار کەسی دیکەشیان خەڵکی بیانین، لەنێویاندا سێ هەزاریان عێراقین، هەروەها لە کەمپی ڕۆژ، دوو هەزار 500 کەس هەن، کە دوو هەزار 300 کەسیان خەڵکی بیانین،  بەشەکەی دیکەشیان هاووڵاتی سووریا و عێراقین.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق، دوای گەمارۆی زیندانی ئەقتان لە باکووری رەققە و تۆپبارانکردنی زیندانەکە و دامەزراوەکانی دەوروبەری کرد، ئاویشیان لەسەر زیندانەکە گرتووەتە، کە چەکدارانی داعشی تێدا زیندانیکراوە.