فەرهاد شامی: هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا چوونە نێو کەمپی هۆل

فەرهاد شامی
فەرهاد شامی

فەرهاد شامی، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی چوونە ناوەوەی هێزەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەری دیمەشقی بۆ ناو کامپی هۆل ئاشکرا کرد، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەکانی جیهان و مەڵبەندی سەرەکیی خێزانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دادەنرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی هەسەدە، پرۆسەی چوونە ناوەوەی هێزەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەری سووریا بۆ ناو کامپی هۆل، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئەمنییە نوێیەکانی سووریا و ڕادەستکردنی دۆسیە هەستیارەکان دێت.

 ئەم کەمپە کە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر چاودێری و پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، هەزاران کەس لە توندڕەوان و پاشماوەکانی داعشی تێدا نیشتەجێیە و بە هێلانەیەکی زیندووی بیری تیرۆر هەژمار دەکرێت.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ تێکەڵبوونەوەی هێزەکان و جێگیرکردنی سەقامگیری لە سووریا بەردەوامییان هەیە.

 چوونە ناوەوەی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ ئەو ناوچە مەترسیدارانە، نیشانەی گواستنەوەی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانە بۆ دیمەشق، بەتایبەت لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندە تەناهییانەی کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە دۆسیەی تیرۆر و خێزانە پەیوەندیدارەکانی داعشەوە هەیە.

کەمپی هۆل بەهۆی بوونی چەندین ڕەگەزی جیاواز و بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەوی تێیدا، هەمیشە وەک هەڕەشەیەکی جیهانی سەیر کراوە.

 گواستنەوەی دەسەڵاتی ئەمنی لەم کەمپەدا بۆ هێزەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەری دیمەشق، وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە ململانێکان و هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی یەکجاریی مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکەدا دەبینرێت.