پارتی چاکسازیی تورکمان: پێويسته مافی کورد له سووريا پارێزراو بێت
پارتی چاکسازیی تورکمان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بەرانبەر پێکدادانەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە، جه‌ختیش له پێویستیی پاراستنی مافی کورد و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا دەکاتەوە.
سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، پارتی چاکسازیی تورکمان لە ڕاگەیەنراوێکدا، نيگه‌راني قووڵی خۆی له به‌رده‌وامی هێرش و پێكدادان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه سه‌ربازييه‌كانى نێوان هێزه‌كانى سوپاى سووريا و هه‌سه‌ده لە رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت.
هاوکات جەختی کردەوە، کە شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازى، هيچ كێشهيهك چاره ناكات، بەڵکوو دۆخه‌كه زیاتر ئاڵۆز ده‌كات.
پارتی چاکسازیی تورکمان، داواکارە له ئەمریکا و سەرجەم هێزە نێودەوڵەتییەکان، بە ئه‌ركى خۆیان له پاراستنى سه‌قامگيرى و ڕێگرى له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش هەڵبستن و رێگری بکەن لە زیاتر ئاڵۆزبوونی گرژییەکان.
هەروەها پارتەکە، جەختی لە پێویستیی پاراستنی مافی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا کردەوە.