سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و بەرپرسانی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە
سەرۆک بارزانی، بەفەرمی بانگهێشتی ئیتاڵیا کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، لەگەڵ پاپای ڤاتیکان لیۆی چواردەهەم کۆببێتەوە.
بڕیارە سەرۆک بارزانی، لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا لویسی چواردەیەم و بەرپرسانی ئیتاڵیا کۆببێتەوە، هەروەها ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێم یاوەری سەرۆک بارزانی دەکات.
ئامانجی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئیتاڵیا زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان کوردستان و ڤاتیکانە، هەروەکو چۆن لەماوەی رابردوودا چەندین جار شاند کوردی بەفەرمی بانگهێشت کراون.
هەروەها دەستپێکردنەوەی پەیوەندی تازە لەگەڵ پاپای نوێ و ناساندی هەرێم کەناوەندی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاینەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەشێوازێک کریستیان و مسوڵمانان و ئێزدی وئاینەکانی تر پێکەوە بەئاشتی دەژین لە کوردستان، وە دروستکردنی ڕێچکەی نوێی کۆکردنەوەی زیاتری پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کورد ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەیە.
پاپای ڤاتیکان نوێنەرایەتی زیاتر لە یەک ملیار و 400 ملیۆن پەیڕەوانی ئاینی کاسۆلیکی مەسیحی دەکات.
بڕیارە سەرۆک بارزانی چەندین دیداری سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش ئەنجام بدات، باس لەپەیوەندیەکانی نێوان کوردستان و ئیتاڵیا بکرێت، هەروەها گۆڕانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بەسوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی و کوژرانی خوشک و برا کوردەکان و کۆکردنەوەی پشتیوانی لەرۆژئاوای کوردستان بابەتێکی تری ناو کۆبوونەوەکان دەبێت.
سەرۆک بارزانی دووەم جارە سەردانی ڤاتیکان دەکات و جاری یەکەم لە مانگی ئایاری ساڵی 2014 بوو، کاتێک سەردانی ڤاتیکانی کرد و لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆبووەوە.
پاپای ڤاتیکان کێیە؟
1- ناوی تەواو: رۆبەرت فرانسیس پریڤۆستە و تەمەنی 71 ساڵە
2- لیۆی چواردەیەم 267ـەمین پاپای ڤاتیکان و یەکەمین پاپای بە رەگەز ئەمریکییە
3- ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتییە
پلەی ئەکادیمی پاپا لیۆی چواردەیەم
لە ساڵی 1977 بەکالۆریۆسی لە بیرکاری لە زانکۆی ڤیلانۆڤا بەدەستهێناوە.
هەروەها ماستەر لە ئاییناسی یەکێتی کاسۆلیکی لە شیکاگۆ بەدەستهێناوە.
بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسای کەنیسە زانکۆی سەینت تۆماس ئەقویناس لە رۆما بەدەستهێناوە