واشنتن پۆست: ئەمریکا سەرباز و ڕاوێژکارەکانی لە ناتۆدا کەمدەکاتەوە

(وێنە؛ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا)
(وێنە؛ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا)

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەنیازە ئاستی بەشداریکردنی ئەمریکا لە چەندین پێکهاتەی سەربازی و گرووپی ڕاوێژکاری سەر بە هاوپەیمانی ناتۆ کەم بکاتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسانەی نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر نزیکەی 200 کارمەندی سەربازی دەبێت و بەشداریکردنی ئەمریکا لە 30 ڕێکخراوی جیاوازی ناتۆدا کەمدەکاتەوە. لەنێویاندا ئەو ناوەندە باڵایانەی کە تایبەتن بە ڕاهێنانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بوارە جیاوازەکانی جەنگدا.

پێنتاگۆن پلانی داناوە لەبری کشانەوەی دەستبەجێ، ستراتیژی نەگۆڕینی کارمەندەکان پەیڕەو بکات؛ واتە کاتێک ئەرکی هەر ئەفسەر و ڕاوێژکارێک کۆتایی دێت، کەسی دیکە لە شوێنی دانانرێتەوە، ئەمەش پرۆسەیەکە ڕەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت.

سێ بەرپرسی ئاگادار ئاماژەیان بەوە کردووە؛ کەمکردنەوەی بودجە و کارمەندەکان ئەو گرووپە ڕاوێژکاریانە دەگرێتەوە کە لە بوارەکانی "ئاسایشی وزە و جەنگی دەریایی" کاردەکەن. هەروەها پێنتاگۆن بەشداریکردنی لەو ڕێکخراوە فەرمیانەی ناتۆ کەم دەکاتەوە کە بایەخ بە هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان دەدەن.

گرژییەکانی نێوان ترەمپ و وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی پرسی کڕینی دوورگەی گرینلاند لە دانیمارک گەیشتووەتە لووتکە. هەرچەندە سەرچاوەکان دەڵێن؛ ئەم پلانە چەند مانگێکە تاوتوێ دەکرێت، بەڵام داواکارییەکەی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دوورگەیە بە مەبەستی ئەمنیی، گەورەترین قەیرانی ناوخۆیی لە ناتۆدا دروست کردووە.

لای خۆیەوە، گوتەبێژی ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "گۆڕانکاری لە جێگیرکردنی هێزەکان و پێگەی کارمەندانی ئەمریکا کارێکی نائاسایی نییە".

لە ژێر فشاری ئیدارەی ترەمپدا، هاوپەیمانی ناتۆ ڕێککەوتووە خەرجییە بەرگرییەکانی بۆ سەدا 5ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکات. 

هاوکات لە ناوخۆی ئەمریکاشدا، ژمارەیەک لە یاسادانەرانی کۆنگرێس "لەنێویاندا کۆمارییەکان" نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و پێیان وایە ئەم هەنگاوانە زیانی قەرەبوو نەکراوە بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەگەیەنێت.