پۆ‌مپێیۆ: رووسیا له رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری چه‌واشه‌كارانه هه‌ڕه‌شه له سه‌قامگیری ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌كات
"مۆسكۆ له‌سه‌ر پێشێلكردنی قه‌ده‌غه‌كردنی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك بۆ لیبیا به‌رده‌وامه"

K24- هه‌ولێر:
مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی: رووسیا له رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری چه‌واشه‌كارانه و هێنانه‌وه‌ی پشێوی هه‌ڕه‌شه له سه‌قامگیری ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست ده‌كات.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، پۆ‌مپێیۆ دووپاتیكرده‌وه، "مۆسكۆ له‌سه‌ر پێشێلكردنی قه‌ده‌غه‌كردنی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك بۆ لیبیا به‌رده‌وامه، كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری له‌سه‌رداوه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "تا ئێستاش ئامانجی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه به چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ پرسی لیبیا، له رێگه‌ی دانوستانه‌وه به چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان".
ئه‌و لێدوانه‌ی پۆ‌مپێیۆ دوای ته‌نیا رۆژێك له ره‌خنه‌كانی سێرگی لاڤرۆف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر توركیا هاتوون، كه دوێنێ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی كڕینی سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس – 400ی رووسی، سزای به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و دامه‌زراوه‌ی توركیادا سه‌پاند و لاڤرۆڤ ئه‌و سزایانه‌ی به ناشه‌رعی له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه وه‌سف كرد.
H.B