سووپای عەرەبی سووریا چووە ناو کەمپی هۆل
دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سوپای عەرەبیی سووریا بەرە بەیانی ئەمڕۆ چووە نێو کەمپی هۆل، کە گەورەترین کەمپە خێزانی چەکدارانی داعشی تێدا کۆکراوەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، بڵاویکردەوە، هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا چوونە نێو کەمپی هۆل، کە نزیکەی 24 هەزار کەسی تێدایە، لە نێویاندا 15 هەزاریان خەڵکی سووریان و نزیکەی شەش هەزار و 300 ژن و منداڵی بیانی لە 42 نەتەوەی جیاواز، کە بەشێکیان خەڵکی وڵاتانی ئەوروپان و ئەندامانی خێزانی چەکدارانی داعش، لەو کەمپە کۆکراونەتەوە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لەپێناو ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی شار و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە ناچاری هێزەکانیان لەو کەمپە کشاندەوە.