شاندێکی باڵای باکووری کوردستان سەردانی رۆژئاوا دەکات

لۆگۆی دەم پارتی و دەبەپە
لۆگۆی دەم پارتی و دەبەپە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، شاندێكی باڵای سیاسیی باكووری كوردستان بۆ دەربڕینی پاڵپشتی، سەردانی رۆژئاوای كوردستان دەکات.

شاندەكە لە تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆكی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، كەسكین بایندر، هاوسەرۆكی پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان (دەبەپە)، لەگەڵ چەندان پەرلەمانتار و نوێنەری سەندیكا و ڕێكخراوی مەدەنیی باكووری كوردستان پێكدێت. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەم پارتی، شاندەكە لەگەڵ نوێنەران و بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان كۆدەبنەوە. ئامانجی سەرەكیی سەردانەكە نیشاندانی پشتیوانییە بۆ رۆژئاوای كوردستان لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە.

ئەم سەردانە دوای گردبوونەوەیەكی جەماوەریی دەم پارتی دێت. دوێنێ لە شارۆچكەی نوسەیبینی سەر سنوور، گردبوونەوەیەك بۆ پشتیوانیی رۆژئاوا بەڕێوەچوو. لەوێدا، تولای هاتیمئۆغولاری ڕایگەیاند، حكوومەتی دیمەشق تەنیا بە هێرش بۆ سەر حەلەب نەوەستاوە، بەڵكوو ئێستا خەریكی داگیركردنی ڕۆژئاوای كوردستانە. ناوبراو هەروەها گوتی: "توركیا لە لایەك بانگەشەی ئاشتی و برایەتی لە وڵاتدا دەكات، لە لایەكی ترەوە پاڵپشتیی هێرشكردنە سەر كوردی سووریا دەكات."