خالید ئەلبێرت: دیداری ڤاتیکان، پێگەی هەرێم و پێکەوەژیان بەهێزتر دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ڕەهەندە سیاسی و مرۆییەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی، بۆ ڤاتیکان و دیداری لەگەڵ پاپا لیۆی 14م شرۆڤە دەکات.
ئەلبێرت پێیوایە ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا دیدارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەیاندنی پەیامی سەقامگیریی هەرێمە بۆ ناوەندیی بڕیاری جیهانی.
بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان ئاماژەی بەوە کرد؛ ڤاتیکان خاوەن قورساییەکی گەورەیە لەسەر یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم دیدارە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جیدیتر سەیری کێشەکانی ناوچەکە بکات و فشار دروست بکات بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دیموکراسی و لێبوردە.
ئەلبێرت جەختی کردەوە؛ لە کاتێکدا لە زۆر شوێنی ناوچەکە ئایینەکان دەچەوسێنرێنەوە، لە هەرێمی کوردستان هەشت پێکهاتەی ئایینی جیاواز لەژێر چەتری وەزارەتی ئەوقافدا بە ئاشتی دەژین.
ئاماژەی بەوەش کرد؛ حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی کەنیسە بۆ مەسیحییەکان، لەوانە کەنیسەکانی ئەرمەن و سریان ئۆرتۆدۆکس.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خالید ئەلبێرت باسی لەوە کرد؛ چۆن هەرێمی کوردستان سنوورەکانی واڵا کرد بۆ زیاتر لە ملیۆنێک مەسیحی کە لە دەست داعش و شەڕی ناوخۆی سووریا ڕایانکردبوو. دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپا، وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕۆڵە مرۆییە گەورەیەیە کە کورد لە پاراستنی مەسیحییەکاندا گێڕاویەتی.
ئەم سەردانە هەڵگری پەیامێکی گشتگیرە بۆ ئاشتی لە تەواوی ناوچەکە، بەتایبەت بۆ خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، تا چیتر خەڵکی ناوچەکە نەبنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و ئاشتییەکی بەردەوام جێگیر ببێت.
خالید ئەلبێرت دەڵێت: "ئەم جۆرە دیدارە ئاستبەرزانە، ناسنامەی هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی بێوێنەی پێکەوەژیان لەسەر نەخشەی سیاسی جیهان دەچەسپێنێت."