رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و UNODC تاوتوێی کاری هاوبەش دەکەن
چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازیی لە میرۆسلاڤ پرلێڤیچ، پسپۆڕی هەواڵگری تاوان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC) و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر هەر یەک لە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، شوێنبزربووانی زۆرەملێ، تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و چۆنیەتی گونجاندنی سیاسەتە ناوخۆییەکان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
هەروا باس لە رۆڵی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرا لە هەماهەنگیی لەگەڵ نوێنەرانی هەموو دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ.
هەردوولا جەختیان کردە سەر گرنگی رەخساندنی بەرنامەی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پێشخستنی بنیادنان و پەرەپێدانی کاری دامەزراوەکان.