"بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كورد به‌ كێشه‌ی دیكه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن"

لیژنه‌یه‌ك بۆ خستنه‌ڕووی كێشه‌كان له‌باره‌ی مادده‌ی 140 راسپێردراوه‌

K24- هه‌ولێر:

تەعریبكردن و داگیرکردنی خاكی كوردستان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هاوكاری عه‌ره‌بی هاورده‌ ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی كورد له‌و ناوچانه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ زۆربه‌ی كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و بابه‌ته‌یان پشتگوێ خستووه‌، له‌كاتێكدا لیژنه‌یه‌ك بۆ خستنه‌ڕووی كێشه‌كان له‌باره‌ی مادده‌ی 140‌ له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا راسپێردراوه‌.

له‌وباره‌وه‌ خامۆش عومه‌ر، شارەزای بواری دەستوور و ماددەی 140 جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه‌، پێكهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی زه‌وی و زار و رێگریكردن له‌ پرۆسه‌ی ته‌عریب گرنگه‌، به‌ڵام پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق ئه‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێ بكات.

هاوكات محیه‌دین حوسێن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، بەغدا هەرێمی کوردستان بە کێشەی دیکەوە سەرقاڵ دەکات، بۆ ئەوەی خۆی له‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 بدزێته‌وه‌ و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم چارەسەر نەکرێت.

سیاسەتی پەرلەمان و حکومەتی عێراق هۆکاری سەرەکین بۆ جێبەجێنەکردنی ماددەی 140، چونکە لە ساڵی 2007ـه‌وە ماددەکە هەیە و پێوست بوو تا ئێستا جێبەجێ بکرێت، ئەو لیژنەیەش كه‌ بۆ کێشەی تەعریب و چارەسەری کێشەکانی زەوی کشتوکاڵی پێکهاتووە، دەبێت راسپاردە بدەنە پەرلەمان و پەرلەمانیش بۆ جێبەجێکردنیان بنێرێت بۆ حکومەت، بۆیە ئەگەر لایەنە عێراقییەکان بە سیاسەتەکانیاندا نەچنەوە، پێناچێت ئەو لیژنەیە بتوانێت کێشە گەورەکە چاره‌سه‌ر بكات.

H.B

Fly Erbil Advertisment