هەسەدە: هیچ چالاکییەکی سەربازیمان لە تەلکۆچەر نەبووە
چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەم 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بە توندی ئەو بانگەشانەی وەزیری بەرگریی سووریا ڕەت دەکەینەوە لەوەی هێرشمان کردبێتە سەر کۆگەیەکی تەقەمەنی لە ناوچەی تەلکۆچەر- یەعروبییە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "جەخت دەکەینەوە لەوەی هیزەکانمان هیچ چالاکییەکی سەربازییان لەو ناوچەیەدا نەکردووە و بەگوێرەی ئەو زانیاریانە پشتڕاستکراوانەی پێمان گەیشتووە، تەقینەوەکە لە کاتی گواستنەوەی تەقەمەنی لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە ڕووی داوە و هێزەکانی ئێمە بە هیچ جۆرێک پەیوەندییان بەو تەقینەوەوە نییە."
دوێنێ سێشەممە، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بەفەرمی پابەندبوونی هێزەکانی بەو ئاگربەستە دووپات کردەوە کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە و ڕایگەیاند، تاوەکو هێرشیان نەکرێتە سەر، دەستپێشخەری بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن و ئامادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 18ـی ئەم مانگەن.