سەرۆک بارزانی و میری قەتەر، جەختیان لە پاراستنی سەقامگیریی سووریا کردەوە
سەرۆک مەسعود بارزانی و میری قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت بە پەلە کۆتایی بە شەڕ و پێدادانەکان لە سووریا بهێنرێت و بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕی نەتەوەیی نێوان کورد و عەرەب بکرێت.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، تەوەرەی سەرەکیی پەیوەندییەکە تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و بەتایبەتیش ئەو پێشهاتە خێرایانەی کە لە گۆڕەپانی سووریادا ڕوو دەدەن. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.
خاڵی هەرە گرنگی گفتوگۆکە، هاوڕایی هەردوولا بوو لەسەر مەترسییەکانی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان. سەرۆک بارزانی و میری قەتەر جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادانەکان.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەر دوو جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت بە هەموو شێوەیەک ڕێگە لەوە بگیرێت شەڕی نەتەوەیی نێوان عەرەب و كورد ڕوو بدات، چونکە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت.
لە کۆتاییدا، هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە تاکە ڕێگە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە، پەنابردنە بۆ دیالۆگ، لێكتێگەیشتن و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە کە مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت.