تەندرووستی عێراق: پشكی ھەرێمی كوردستان لە ڤاكسین پارێزراو دەبێت

چەند مانگێکە وەزارەتی تەندرووستی لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە پەیوەندی و هەماهەنگی دایە

K24 – ھەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە پەیوەندی و هەماهەنگی دایە، راستەوخۆش گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای ڤایزەر کراوە.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی و ژینگەی عێراق گوتی: "چەند مانگێکە وەزارەتی تەندرووستی لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە چین، رووسیا، ئەمه‌ریکا و بەریتانیا، لە پەیوەندی و هەماهەنگی دایە".

گوتیشی: "لە مانگی تەمموزەوە تا ئەم پێنجشەممەیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای ڤایزەر لەبارەی کاروباری لۆجستی و نرخ و ژمارەی ڤاکسینەکە کراوە. بەشێوەیەکی گشتیی حکومەتی عێراق، پابەندە بە دابینکردنی ڤاکسینەکە و تەرخانکردنی هەموو هۆکارەکانی لۆجستی و بودجە.

بەدر لەبارەی پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە، وەک هەر دەرمانێکی دیکەی پزیشکی، پشکی خۆی بۆ تەرخان دەکرێت، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، ڤاکسین بۆ پاریزگاكانی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت".

Fly Erbil Advertisment