نوورەدین بابا: ئاگربەستی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە هەوڵی سەرۆک بارزانی بوو

نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا
نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئاشکرای کرد کە، ئاگربەست و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بەرهەمی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی و بە چاودێریی ئەمریکا بووە. 

پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی سووریا بە تەواوی بە ڕێکارە ئاشتییانەکان و پاراستنی ئاگربەستی نێوان سوپای وڵاتەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندە.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە، ئەو ئاگربەستەی ڕاگەیەندراوە، ئامانجی سەرەکی لێی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و ڕێگریکردنە لە خوێنڕشتن.

سەبارەت بە میکانیزمی گەیشتن بەم ڕێککەوتنە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاشکرای کرد: "ڕێککەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە لەژێر چاودێریی ئەمریکادا بەڕێوەچوون، بەڵام دەستپێشخەری و هەوڵی سەرەکی بۆ گەیشتن بەم ئاگربەستە، لە لایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە بووە."

نوورەدین بابا گوتیشی: "ئێمە وەک حکوومەتی سووریا، بەرز لە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەڕوانین، بە تایبەت لە پرسی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی سووریا بۆ زێدی خۆیان و ڕۆڵی ئەرێنیی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکان و سەقامگیریی ناوچەکە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوورەدین بابا ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە گەمارۆدانی شاری کۆبانێ دەکەن و ڕایگەیاند: "تا ئێستا کۆبانێ گەمارۆ نەدراوە و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە باس دەکرێت."

بۆ سەلماندنی دۆخی ئاسایی و نیازپاکی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئامادەیی خۆی نیشان دا کە یاوەریی تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکات بۆ چوونیان بۆ ناو شاری کۆبانێ.

نوورەدین بابا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی هەمیشە لایەنگری ئاشتی بوون و ڕۆڵی بنیاتنەرانەیان هەبووە لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و پشتیوانیکردن لە هەر هەنگاوێک کە خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە و هاووڵاتییان بکات.