ئیلیزێ جەخت لە پاراستنی مافی کورد و یەکگرتنی هەسەدە دەکاتەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا ستراتیژیی نوێی خۆی بۆ قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕاگەیاند و جەختی لەسەر پشتگیریکردنی دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا کردەوە بۆ بنیادنانی وڵاتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری کە ڕێز لە تەواوی پێکهاتەکان بگرێت.

کۆشکی ئیلیزێ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پابەندییە نەگۆڕەکانی ئەو وڵاتەدایە کە لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێکردووە، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەبەرچاو بگرێت.

کۆشکی ئیلیزێ ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، سەرۆکی فەرەنسا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک گفتوگۆی نوێی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

 لەم چوارچێوەیەدا سەرۆکی فەرەنسا سوپاسی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی کردووە بۆ ئەو هەوڵە ناوبژیوانییانەی کە ئەنجامی داون بە مەبەستی هەماهەنگی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی کە خزمەت بە ناوچەکە و ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریکا بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەلیزێ، گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی پێویستی بە ڕاگرتنی هەمیشەیی شەڕ بەتایبەت لە کۆبانێ و حەسەکە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم هەیە، بە شێوەیەک کە یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەت گەلی کورد، گەرەنتی بکات. 

ئیلیزێ دەڵێت: فەرەنسا بە ئاشکرا پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەی تێکەڵکردنی سیاسی، کارگێڕی، سەربازی و ئابووریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕیوە و وەک ئامانجێکی سەرەکی دەیناسێنێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە لەوەی، نابێت ئەم پرۆسەیە بە هێزی چەکداری و بە پشتگوێخستنی سەلامەتیی هاووڵاتیانی سڤیل لە ناوچەکانی کۆبانی و حەسەکە بێت.

لە ڕووی ئەمنییەوە، فەرەنسا نیگەرانیی خۆی لە ناسەقامگیریی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ دەربڕیووە و هۆشداری داوە لە هەر پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی، هەروەها جەخت کراوەتەوە لەپێویستیی هەماهەنگی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ دابینکردنی ئاسایشی زیندانەکان و گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان. 

فەرەنسا ڕایگەیاندووە، هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوەندەکانی ڕاگرتنی تیرۆریستان هەبووە و ئەمەش ئامانجە ئەمنییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

لە کۆتاییدا، ئیلیزێ ستایشی بوێری و پابەندیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردووە لە شەڕی دژی داعش و جەختی کردووەتەوە لەوەی، فەرەنسا لەو شەڕەدا لەگەڵیان بووە و نابێت ئەو هەوڵانە لەبیر بکرێن، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، سووریا ئێستا ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە و پێویستە لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانەکان بەردەوام بێت لە شەڕی دژی داعش، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان پارێزراو بن.
ئەم بەیاننامەیەی کۆشکی ئەلیزێ لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە سووریا قۆناغێکی ڕاگواستنی مێژوویی بەخۆیەوە دەبینێت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هاوبەشێکی سەرەکیی خۆی دەزانێت لە تێکشکاندنی داعشدا، جەختکردنەوە لەسەر ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم و ڕۆڵی ناوبژیوانیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێکدادانی ناوخۆیی و دۆزینەوەی پێگەیەکی یاسایی و سیاسی بۆ کورد و هێزە چەکدارەکانیان لەناو دەوڵەتی نوێی سووریادا، لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.