سەندیكای رۆژنامەنووسان سوپاسی هەڵوێستی رۆژنامەنووسان و كەناڵەكان دەكات

سەندیكای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی رێكخراوە میدیاییەكانی رۆژاڤا و داوا لە سەرجەم رێكخراوە میدیاییەكانی جیهان دەكەین كە بە وردی چاودێری رەوشی میدیا و پێشێلكاریەكان بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سەندیکای رۆژنامەنووسابی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا، سوپاسی هەڵوێستی رۆژنامەنووسان و کەناڵەکان دەکات و رایگەیاند: لەسەروبەندی ئەو روداوانەی لە رۆژاڤای كوردستان رویاندا و رۆڵی نێگەتیڤی هەندێك لایەن لەدژی دۆزی كورد لە سوریاوو ئەو ناهەقی و زوڵم و ستەم لێكردنەی ڕوودەدات.

سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە داوە، ئەو هەڵوێستە جوان و یەكانگیرەی كە میدیاكارانی باشوری كوردستان نواندیان، لەگەڵ یەك وتاری سەرجەم میدیاكانمان بە (بینراو ـ بیستراو ـ خوێنراو ـ ئەلكترۆنی) جێگای سوپاس و رێز و پێزانینمانە، هیوادارین ئەم یەك وتاری و یەك هەڵوێستی و یەك بۆچوونە لە سەرجەم كایە و روداو و كارەساتەكانی تریشدا ببینین.

هەروەها لە راگەیەنراوەکە دا هاتووە، نیگەرانی خۆشمان ناشارینەوە سەبارەت بە دەرئەنجامەكانی پرۆسە سەربازیەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر میدیاكارانمان چ لە كەناڵەكانی باشوری كوردستان كە لە رۆژاڤا كار دەكەن یان ئەو كەناڵانەی كاری میدیایی دەكەن لە ناوچەكانی رۆژاڤای فورات كە هێشتا ئامار و داتایەكی وردمان بەدەست نەگەشتوە لەسەر زەرەر و زیانی نوسینگە و كەناڵەكان و میدیاكاران و شمەك و كەلوپەلەكانیان..

سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی رێكخراوە میدیاییەكانی رۆژاڤا و داوا لە سەرجەم رێكخراوە میدیاییەكانی جیهان دەكەین كە بە وردی چاودێری رەوشی میدیا و پێشێلكاریەكان بكەن چونكە لایەنی هێرشبەر خاوەنی ئایدیایەکی میدیایی ئاشکرا نیە و نازانرێت تا ئێستاش چۆن لە میدیا و ژینگەی میدیایی و ئازادی بیروڕاو دیموكراسی دەڕوانێت.