عێراق: لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان هەماهەنگین
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە سنوورەکانی وڵات، بە تایەبت لەگەڵ سووریا، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بەربەستی ئەمنی بە تەواوی کۆنترۆڵ کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونید ووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕایگەیاند: کە هێڵی سنووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە هێزی مەشقپێکراوی ئاستبەرز و تەکنەلۆژیای سەردەم پارێزراوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، بۆ یەکەمجارە سنوورەکانی عێراق، بە تایبەت لەگەڵ سووریا، بەم شێوە چڕە و بە بەکارهێنانی تەکنیکی مۆدێرن دەپارێزرێن.
دەشڵێت: ئێمە سوودمان لە دیواری کۆنکرێتی، بەربەستی تەل، خەندەقی قووڵ و هەوڵە هەواڵگرییە چڕەکان وەرگرتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە.
گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە، کە سنوورەکان بە تەواوی پارێزراون و هیچ ترسێک لە دزەکردنی تیرۆریستان یان نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکان نییە. ئاماژەی بەوەش دا کە هێزە ئەمنییەکان لە تەواوی درێژایی هێڵی سنووریدا لە ئامادەباشی و وریا وریایی تەواودان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەباح نوعمان تیشکی خستە سەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: هەماهەنگییەکی پتەو لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پاراستنی هێڵی سنووری، بەو پێیەی پاسەوانی سنووری هەرێم ئەرکی پاراستنی ئەو بەشەی سنووریان لە ئەستۆیە کە دەکەوێتە چوارچێوەی جوگرافیای هەرێمی کوردستانەوە.
ئەم کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشییەی سوپای عێراق و توندکردنەوەی ڕێوشوێنی ئەمنیی سنوورەکان بە تایبەت لەگەڵ سووریا، دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا، لە شارۆچکەی شەدادێ، گرتووخانەی "شەدادێ"ـی شکاند و هەزاران زیندانی داعشیان ئازاد کرد، کە ئەمەش مایەی مەترسییە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق.
هەروەها حکوومەتی عێراق، درکی بە مەترسی دزەکردنی ئەندامانی داعشی بۆ نێو خاکی وڵاتەکەی کردووە، بۆیە سەرجەم هێزەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.