پاریس پشتیوانیی لە گفتوگۆی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات

سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لە سووریا دووپات کردەوە. هاوکات جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە کردەوە کە لەم دواییەدا لە نێوان هەسەدە و دیمەشق واژۆ کراون.

پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت.

عەبدی، دەڵێت: لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕیوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ دەدرێن.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە، هاوکات نووسیویەتی، ماکرۆن جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگیی "گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی گفتوگۆ و دانوستان لە سووریا، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەیەکی هەمیشەیی و کۆتایی کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە بکات.

بە پێی پۆستەکەی هەژماری عەبدی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی تەلەفۆنییەکە، تایبەت بووە بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سووریا دیموکرات و حکوومەتی سووریا.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، بە شێوەیەک کە "مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا تێیدا پارێزراو بێت" و ببێتە هەوێنێک بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی.