ترەمپ: کەشتیگەلێکی جەنگی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیگەلێکی گەورەی جەنگی کە فڕۆکەهەڵگرێک و چەندین تێکشکێنەر لەخۆدەگرێت، بەرەو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵەیان کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، لە کاتی گەڕانەوەی لە کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەسەر بۆردی فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن) بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر کەشتیمان هەیە کە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن، ئەمەش بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاوە، من نامەوێت هیچ شتێک رووبدات، بەڵام ئێمە لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین."

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و چەند تێکشکێنەرێکی هەڵگری مووشەکی ئاڕاستەکراو و سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەهێز دەکرێن، ئەم هەنگاوەش وەک ئامادەکارییەک و پاراستنی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەبینرێت لە ئەگەری هەر هێرشێک.

بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و سێ تێکشکێنەر لە رێگادان بۆ ناوچەکە و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەنە شوێنی مەبەست. میدیاکانی ئەمریکاش بڵاویانکردووەتەوە، کە هێزەکە جگە لە کەشتییەکان، چەندین فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگریی مووشەکیی زەمینیش لەخۆدەگرێت.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن مێژوویەکی دەوڵەمەند و پڕ لە رووداوی سەربازی هەیە کە لە ساڵی 1989وە کاتێک بە فەرمی چووە خزمەت هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی پێکرد، یەکەم وێستگەی گرنگی ئەم کەشتییە بەشداریی کاریگەر بوو لە پرۆسەی گەردەلولی بیابان بۆ رزگارکردنی کوێت لە ساڵی 1991 و پاشان لە ساڵانی 1992 و 1993 سەرکردایەتی هێزە نێودەوڵەتییەکانی کرد لە سۆماڵ، دواتر لە ساڵی 1998 وەک وەڵامێک بۆ تەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە ئەفریقا چەندین پێگەی لە سوودان و ئەفغانستان بۆردومان کرد، مێژووی ئەم کەشتییە لەگەڵ دەستپێکی سەدەی نوێدا چڕتر بووەوە کاتێک دوای هێرشەکانی 11ی ئەیلوولی 2001 بووە یەکەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر کە هێرش بکاتە سەر تالیبان و لە ساڵی 2003شدا رۆڵێکی سەرەکی لە جەنگی عێراقدا بینی و بووە شوێنی گوتارە مێژووییەکەی جۆرج دەبلیو بوش بۆ ڕاگەیاندنی کۆتایی ئەرکە جەنگییەکان، دوای ماوەیەکی درێژ لە نۆژەنکردنەوەی گشتگیر لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2017 کەشتییەکە جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ ئەرکە ستراتیژییەکانی و وەک هێزێکی رێگری سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردێت.