هاکان فیدان: یەکپارچەیی خاکی سووریا بۆ تورکیا زۆر گرنگە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بۆ تورکیا زۆر گرنگە و رێگە نادەین ئەم یەکێتی و یەکپارچەییە تێک بدرێت، بەڵام دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە پارێزراو بێت. 

وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای بەشداربوونی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پێشهاتەکانی سووریا لەسەر بنەمای هەندێک راستییە کە بەردەوام جەختمان لەسەری کردووەتەوە، هەمیشە هەوڵمانداوە رۆڵی بنیاتنەر ببینین، لەم هەوڵەش بەردەوام دەبین.

گوتیشی: سووریا لە 14 ساڵی رابردوودا لەنێو شەڕی ناوخۆدا بووە، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە تیرۆر و پەنابەرانی هەناردەی وڵاتانی دەوروبەری دەکرد، بۆ سووریایەک کە ئێستا خەریکە یەکڕیزی بەدەست دەهێنێت و پەنابەرەکانی دەگەڕێنێتەوە و تیرۆر ناهێڵێت، بەڕاستی پێشکەوتنێکی موعجیزە ئاسایە بۆ ناوچەکەمان. 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی سووریا بۆ تورکیا و بۆ تەواوی گەلی سووریا گرنگە، بەتایبەتیش بۆ ناوچەکە، نابێت یەکێتی و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە تێکبچێت و رێگە بە گرژی و ئاڵۆزی نوێ بدرێت.

هەروا رایگەیاند، "پێویستە مافی هەموو نەتەوە و بیروباوەڕ و پێکهاتەکانی سووریا بە تایبەتی کورد و عەلەوی و ئێزدی و تورکمانەکان بپارێزرێت و هەموویان شانازی بە ناسنامەی خۆیانەوە بکەن، بەڵام پێویستە لەژێر چەتری هاووڵاتیبوونی سووری یەکبگرن و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە سووریا بکەن، چونکە ئەمە سەرچاوەی ئاشتییە هەم بۆ سووریا و هەم بۆ ناوچەکە، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا بە گشتی بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا بەرەوپێش دەچن."

22ی کانوونی یەکەمی 2025  پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب دەستی پێکرد و شەوی پێنجشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2026 (دوێنێ شەو)، رێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیری لایەنەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی حەلەب کرا و وا بڕیارە ئەمڕۆ رێگاکان بەرەو ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بکرێنەوە.