بەهۆی بەفرەوە رێگەی نێوان چەندین گوندی سنووری ئاکرێ داخراوە
شەپۆلێکی بەفربارین قەزای ئاکرێ و دەوروبەری گرتووەتەوە و بەهۆیەوە رێگەی چەندین ناوچە و گوند بە تەواوەتی داخراون، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە، مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاری حوسێن پەیامنێری کوردستان24، تا ئێستا لە سەنتەری قەزای ئاکرێ نزیکەی 10 بۆ 15 سانتیمەتر بەفر کەوتووە و بارینیشی بەردەوامە، بەڵام لە دەوروبەری شارۆچکەکە و بەتایبەتی لە سنووری ناحیەی دینارتە، 20 بۆ 30 سانتیمەتر بەفر باریوە.
هەروەها لە کاتژمێر 7:00ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، تیمەکانی شارەوانی دەستیان بە راماڵینی بەفر کردووە و توانیویانە رێگە سەرەکییەکانی نێو سەنتەری ئاکرێ بەڕووی هاتوچۆدا بکەنەوە. بەڵام رێگەی چیای "پیرس"، بە تەواوەتی گیراوە، هەروەها رێگەکانی گوندی "باکرمان" و گوندە کریستیاننشینەکانی ناوچەی "نەهلە" بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە داخراون.
لەلایەن خۆیانەوە هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی، هاتوچۆ، شارەوانی و قایمقامیەتی ئاکرێ هۆشداری بەپەلەیان بە هاووڵاتییان داوە، بۆ ئەوەی پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن، تاوەکو تیمەکانی راماڵینی بەفر بتوانن بەبێ ئاستەنگ کارەکانیان ئەنجام بدەن و رێگەکان پاک بکەنەوە.