ئایشەگول دۆغان: نابێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد وەک هەڕەشە تەماشا بکرێت
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، ڕایگەیاند، سنوور لە فەرهەنگی تاکی کورددا نییە، هەزاران جار ئەوەمان دووپات کردووەتەوە، پێویستە ماف و داخوازییە گەلی کورد قبووڵ بکرێت و دانی پێدابنرێت
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە دۆستایەتی لە نێوان کورد و تورک زیاتر پەرەی پێبدرێت، بۆ ئەوەی برایەتی ڕاستەقینە دروست ببێت، نابێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد وەک هەڕەشە بۆ سەر هیچ نەتەوە و لایەنێک تەماشا بکرێت، بەڵکوو دەبێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد قبووڵ بکرێن، لە مێژوو دا گەلی کورد بەهۆی سنوورەکانی جوگرافیاوە پارچە پارچە کراوە، بەڵام لە دڵەوە هەموو کورد یەکپارچەیە.
ئایشەگول گوتی: سنوور لە فەرەهەنگی تاکی کورددا نییە، هەزاران جار ئەوەمان دووپات کردووەتەوە، پێویستە ماف و داخوازییە گەلی کورد قبووڵ بکرێت و دانی پێدابنرێت، کورد بوونی خۆی دەپارێزیت و بێ ناسنامەیی چیتر قبووڵ ناکات، زمان و ناسنامەی کورد بۆ سەر هیچ وڵاتێک هەڕەشە نییە.
ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سووریا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەبچێت، بۆ ئەمەش هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن و دیداری کۆبوونەوەی زیاتر دەکەین، هەروەها لە چەند ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە کۆدەبینەوە.
باسی لەوەش کرد، پەیوەندی زۆر باش لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش جێگەی ئومێد و دڵخۆشی هەموومانە، داوا دەکەین ئەم پەیوەندییە لە نێوان تورکیا و ڕۆژئاواش هەبێت و پەرەی بدرێت، لە سووریا ژمارەیەک نەتەوە و ئایینی جیاواز هەیە، پێویستە مافی هەموو لایەک بپارێزرێت، ئەگەر تورکیا دەیەوێت ببێتە وڵاتێکی پێشەنگ لە ئاشتی ڕێگە کراوەیە و ئێمەش پشتیوانی دەکەین.