ئافرەتانی کورد بە "هەڵمەتی کەزی" ڕووبەڕووی هزری توندڕەوی دەبنەوە
پەیامی یەکگرتووی ئافرەتانی کورد و عەرەب دژی توندوتیژی: "کەزی دەبڕدرێت بەڵام کەرامەت ناشکێت"
بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک کە تێیدا چەکدارێکی سوپای عەرەبیی سووریا بە شانازییەوە کەزیی بڕدراوی کچە کوردێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نمایش دەکات، هەڵمەتێکی بەرفراوان لەژێر ناوی "هەڵمەتی کەزی" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە. ئەم ڕووداوە نەک تەنیا لەنێو کوردان، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و میدیاکارانیش کاردانەوەی توندی لێ کەوتووەتەوە و وەک سیمبووڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شکاندنی شکۆی ئافرەتان سەیر دەکرێت."
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا چەکدارێکی سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوازێکی قێزەون و دوور لە ڕەفتاری ئینسانییەت، کەزیی کچە کوردێک، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهید کراوە، بە دەستەوە دەگرێت و شانازیی پێوە دەکات، ئەمەش شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە. وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەم ڕەفتارە، "هەڵمەتی کەزی" ڕاگەیەندرا کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان، میدیاکاران و ئافرەتان بەشدارییان تێدا کرد.
بەشداربووانی هەڵمەتەکە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنە و پەیامی جیاوازەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە "کەزی" تەنیا سیمبووڵێک نییە، بەڵکو نیشانەی کەرامەت و ناسنامەیە. ئەوان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوە تەنیا جووڵەیەکی ڕەمزی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی تەحدایە دژی هەوڵەکانی تێکشکاندنی وێنەی ئافرەت و ئاشکراکردنی مەترسییەکانی تیرۆر و ڕەفتارە وەحشیگەرییەکانیان.
لەبارەی ڕەهەندە کولتووری و مەعنەوییەکانی ئەم بابەتە، بەهار عەلی، چاڵاکوانی کورد لە هەولێر بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی ڕاگەیاند: "لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کەزی یان پرچ تەنیا شێوازێکی جوانکاری نییە، بەڵکو هێمایەکی قووڵە بۆ هێز، شکۆ، ناسنامە و ئازادی. مێژوو سەلماندوویەتی کە پرچی درێژ لای گەلان بەشێک بووە لە شانازی و متمانەبەخۆبوون."
بەهار عەلی ئاماژەی بەوەش دا: "بڕینی کەزی لەم دۆخەدا تەنیا کردەیەکی جەستەیی نییە، بەڵکو گورزێکی مەعنەویی قورسە. ئەو دیمەنە تەنیا سووکایەتی نەبوو بە یەک خانمە شەڕڤان، بەڵکو سووکایەتی بوو بە تەواوی ئافرەتان، بەشداریکردنمان لەم هەڵمەتە پەیامێکی ئەخلاقییە کە دەڵێت: "کەرامەتی ئافرەت زەوت ناکرێت؛ ئەگەر کەزییەک ببڕدرێت، هەزاران کەزیی دیکە وەک نیشانەی سەرکەوتنی کەرامەت دەهۆنرێنەوە"
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئەم ڕەفتارە "ڕووی قێزەونی تیرۆر و مەترسییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە دەردەخات، بە تایبەت ئەو تیرۆرەی کە ئافرەتان دەکاتە ئامانج، جا لە ڕێگەی کوشتنەوە بێت یان بە کۆیلەکردن و شێواندنی جەستە."
کەزی وەک چەکی بەرگری
لە لایەکی دیکەوە، ڕێزان شێخ دلێر، چالاکوانی بواری مافی ئافرەتان بۆ هەمان ئاژانس قسەی کرد و گوتی: "هەڵمەتی کەزی وەڵامێکی شارستانی و بەهێزە بۆ شکاندنی ئەو وێنەیەی کە دەیەوێت ئیرادەی ئافرەتی ئازاد تێک بشکێنێت. ئەم هاوسۆزییە بەرفراوانەی نێوان ئافرەتانی کورد و عەرەب و میدیاکاران، هەوڵەکانی سووکایەتیکردن دەگۆڕێت بۆ بەرگرییەکی بە کۆمەڵ. لەمڕۆوە کەزی تەنیا هێمای جوانی نییە، بەڵکو بووەتە ناونیشانی خۆڕاگری."
هەر لەم چوارچێوەیەدا، خانمێکی دیکە، کە میدیاکارە لە هەولێر دەڵێت: "لە کولتووری کوردیدا، کەزی تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە نزا بۆ گەڕانەوەی ئازیزان و هێمای ئافرەتێکە کە هەرگیز نەچەماوەتەوە. ئافرەتی کورد پرچی بەردەداتەوە تا بە دوژمنانی بڵێت جێگیرە و ناشکێت. بڕینی کەزی لە نەریتی عەشایەریدا وەک ڕاگەیاندنی جەنگ وایە، بەڵام ئەوان نازانن شەڕەفی ئافرەتی کورد بە پرچییەوە نییە، بەڵکو لە خاک و کەرامەتەکەیدایە. کەزی دەبڕدرێت، بەڵام کەرامەت ناشکێنرێت."
کاردانەوە نێودەوڵەتی و یاساییەکان
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لیندسی سنێل، ڕۆژنامەنووسی لێکۆڵەری ئەمریکی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئەم ڕەفتارەی بە بەشێک لە "بەربەرییەتی گرووپە تیرۆریستییەکان" پێناسەکرد و جەختی کردەوە کە ڤیدیۆکە بەڵگەی "وەحشیگەریی بە ئەنقەستە دژی ئافرەتانە لە ناوچەکانی ململانێ".
هاوکات قوتەیبە یاسین، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی سووری، ڕووداوەکەی بە "ڕەفتارێکی داعش بە جلوبەرگێکی دیکەوە" ناوبرد و هۆشداریدا لەوەی ئەم جۆرە ڕەفتارانە وێنەیەکی مەترسیدار لەسەر نەبوونی یاسا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن پیشان دەدەن.
لە لایەن خۆیەوە، ئیبراهیم کابان، توێژەر لە کاروباری کوردی، پێی وایە ئەم ڕووداوە بەشێکە لە "سیاسەتی ترساندنی کولتووری" کە ئامانج لێی ناچارکردنی دانیشتووانی ڕەسەنە بە کۆچکردن.
هەروەها موئەیەد عەفانە، توێژەری یاسایی، جەختی کردەوە کە ئەم کردەوەیە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێڤە"، چونکە بە شێواندنی جەستەی قوربانی و سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤ دادەنرێت.
هاوسۆزیی عەرەبی و کوردی
لە بەغداوە، هەدیر عیماد، خانمە ڕۆژنامەنووس بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: "دیمەنی شانازیکردن بە بڕینی کەزیی کچێکەوە، ناشیرینترین ئامرازەکانی تیرۆر وەبیر دەهێنێتەوە کە تەنیا بە کوشتنی جەستەناوەستێت، بەڵکو هەوڵی کوشتنی مەعنەویش دەدات."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە "هەڵمەتی کەزی وەڵامێکی شارستانیی سنووربەزێنە و پەیامێکی ڕوونە کە ئافرەتانی عەرەب و کورد لە یەک سەنگەردا دژی توندڕەوی وەستاونەتەوە. ئەم هەڵمەتە ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگە و میدیا دەردەخات لە ئاشکراکردنی تاوانەکان و ڕیسواکردنی تیرۆر لەبەردەم ڕای گشتیی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا."