ئومێد خۆشناو: بازرگانانی هەولێر ئامادەییان بۆ هاوکاریی ڕۆژئاوا دەربڕیوە

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی فراوانی هاوکاری لەلایەن بازرگانان و خێرخوازانی شارەکەوە دەستیپێکردووە و ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ دابینکردنی هەر پێداویستییەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیان داوە، ئێستا گرنگترین ئەو پێداویستییانەی کە دەبێت بەپەلە دابین بکرێن بریتین لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی، خۆراک و ئازووقە و بەتانی و دۆشەک.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا، وێڕای هاووڵاتییان، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان و بازرگانان پەیوەندییان کردووە و بەشێکیان هەر ئێستا کەلوپەلەکانیان ئامادە کردووە. ناوبراو دڵنیایی دا کە لە سبەی و ڕۆژانی داهاتوودا پرۆسەی کۆکردنەوە و ناردنی هاوکارییەکان بەرفراوانتر دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوێنێ پێنجشەممەوە، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.