پەرلەمانی عێراق لیستی کۆتایی کاندیدانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ڕاگەیاند
پەرلەمانی عێراق، لیستی کۆتایی و پەسەندکراوی ئەو کاندیدانە بڵاو کردەوە، کە کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەکەن.
ڕۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا بە فەرمی لیستی کۆتایی ناوی کاندیدانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری وڵاتەکە ئاشکرا کرد.
بە پێی راگەیەنراوەکە، دوای وردبینی و ڕێکارە یاساییەکان، لیستەکە یەکلایی کراوەتەوە و تێیدا 19 کاندید بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کێبڕکێ دەکەن.
لیستی ناوەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی
2-فوئاد محەممەد حوسێن بەکی
3-نەوزاد هادی مەولوود
4-شوان حەوێز فەریق نامیق
5-ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد
6-حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری
7-نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا
8-ئاسۆ فەرەیدوون عەلی
9-سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی
10-سەباح ساڵح سەعید
11-ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی
12-سەردار عەبدوڵڵا مەحموود
13-موسەننا ئەمین نادر
14-خالید سدیق عەزیز محەمەد
15-ئازاد مەجید حەسەن
16-رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا
17-سالم حەواس عەلی ساعدی
18-لەتیف محەممەد جەمال ڕەشید
19-نزار محەممەد سەعید محەممەد
سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی دەستووری دوای دەستبەکاربوونی، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە و ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026 وەک دوا وادە بۆ وەرگرتنی سی ڤی کاندیدان دیاریی کرا.
ڕۆژی دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق، لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاو کردەوە، کە 81 کەس بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لە نێویاندا 4 ئافرەت هەبوون.
هەورەها دوای وردبینیکردن لە لیستی ناوی کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ پەرلەمانی وڵاتەکە بە فەرمی ناوی 19 کاندیدی لە کێبڕکیی وەرگرتنی پۆستەکە هێشتەوە، بەهۆی ئەوەی سەرجەم مەرجە یاساییەکانیان تێیدا بوو.
چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق
بە گوێرەی دەستووری هەمیشەییی عێراق (ساڵی 2005) و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین دانیشتنەکانی پەرلەمان، چونکە کلیلی پێکهێنانی حکوومەتە.
بەپێی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی، کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.
واتە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، دەبێت لانی کەم 220 پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن، ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادە نەبن، کۆبوونەوەکە بەڕێوە ناچێت.
میکانیزمی دەنگدان و هەڵبژاردن
پڕۆسەی دەنگدان بەپێی ماددەی (70)ـی دەستووری عێراق بە دوو گەڕ بەڕێوە دەچێت:
گەڕی یەکەم؛ لەو گەڕەدا هەر کاندیدێک بتوانێت دەنگی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ڕاستەوخۆ دەبێتە سەرۆک کۆمار بەڵام زۆر ئەستەمە هیچ کاندیدێک لە گەڕی یەکەمدا 220دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆیە زۆربەی جار دەچێتە گەڕی دووەم.
گەڕی دووەم؛ قۆناغی یەکلاییکرەوە
ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کاندیدێک 220 دەنگی نەهێنا، تەنها دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان هێناوە دەچنە قۆناغی دووەمەوە، کێبڕکێکە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا دەمێنێتەوە.
لەم گەڕەدا مەرجی 220 دەنگ نامێنێت، بەڵکو هەر کامێکیان زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.
سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار و ئەرکی دواتر
دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت، لەبەردەم پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات.
گرنگترین ئەرکی دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو، دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا، کاندیدی "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان" ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.