ئۆجەلان: من دژی فیدراڵی و دەوڵەتی سەربەخۆم
پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی دەقی کۆنووسی کۆبوونەوەی شاندی پەرلەمانتاران و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە ئیمراڵی بڵاو کردەوە. بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە کە دژی فیدراڵی و دەوڵەتی سەربەخۆیە و لە بری ئەوە "کۆماریی دیموکراسی" بە چارەسەر دەزانێت. هاوکات هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئەم پڕۆسەیە شکست بێنێت، مەترسیی کودەتا لە دژی سەرکردەکانی تورکیا لە ئارادایە.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، دوای دوو مانگ لە سەردانی شاندی "لیژنەی پرۆسەی ئاشتی" بۆ ئیمرالی، دەقی تەواوی گفتوگۆکانی نێوان شاندەکە (کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی دەم پارتی، ئاکپارتی و مەهەپە) و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی بڵاو کردەوە.
ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە کە ئەو بە دوای "دەوڵەتی سەربەخۆ، فیدراڵی یان خۆسەری"دا نییە، بەڵکو مۆدێلی "کۆماریی دیموکراسی"بە چارەسەر دەزانێت. ئاماژەی بەوەش داوە: "ئەوەی بۆ تورکیا دەمەوێت، هەمان شت بۆ سووریاش دەخوازین، نەک فیدراڵی."
سەبارەت بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، کە ئەگەر دەرفەتی پێ بدرێت، دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات و بڕوای وایە گوێی لێ دەگرن، بەڵام دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورکمان و ئەوانی تر) لە سووریا پارێزراو بێت.
تەوەرێکی گرنگی قسەکانی ئۆجەلان، ستایشکردنی هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بووە و دەڵێت: "باخچەلی ئازایەتییەکی دەگمەنی نیشان داوە." بەڵام هۆشداریشی داوە کە ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرنەکەوێت، "میکانیزمی کودەتا" دەکەوێتە کار، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەر کاتێک هەوڵی چارەسەری درابێت، کودەتا کراوە.
ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە: "ئەگەر هەلومەرجم بۆ بڕەخسێنن، هێزی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە بەرەو چارەسەر ببەم." هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە دەبێت چەمکی "شەڕی کورد و تورک" کۆتایی پێ بێت، چونکە ئەم دوو نەتەوەیە بەبێ یەکتر ناتوانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێننەوە.
پرسە هەرێمییەکان
سەبارەت بە ئێران، ئۆجەلان پێی وایە دەبێت تاران مافی دیموکراتیی کورد و ئازەرییەکان بدات و لەسێدارەدان ڕابگرێت. بۆ ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە داوە کە ئیسرائیل ناتوانێت بەبێ کوردی ناوچەکە هەژموونی خۆی بسەپێنێت، بەڵام ئەو دژی سیاسەتی ئیسرائیلە و دەوڵەتی تورکیا بە گرنگ دەزانێت بۆ هاوسەنگیی ناوچەکە.
کۆتاییهێنان بە توندوتیژی
شاندی پەرلەمان داوایان کردووە کە هەنگاوی کردەیی بۆ چەکدانان بنرێت. ئۆجەلان لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە کە پێویستە پێش چەکدانان، "زەمینەی زهنی و یاسایی" ئامادە بکرێت و ئەگەر پەیامەکەی بگاتە قەندیل، ڕەچاوی دەکەن. ئەو وتوویەتی: "ئێمە دەتوانین چەک بۆ هەمیشە لە ڕۆژەڤی تورکیادا دەربهێنین."