وەزارەتی ناوخۆ بۆ کوردستان24: لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانی دووەمی زیندانییانی داعش دەگەنە عێراق
وەزارەتی ناوخۆ کاتی گەیشتنی کاروانی دووەمی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، بەسەر چەند زیندانێکدا دابەش دەکرێن.
شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانی دووەمی زیندانییانی داعش دەگەنە عێراق.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد، تا ئێستا 150 چەکداری ئەو رێکخراوە رادەستی عێراق کراونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ روونیکردەوە، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی میری، "هاوپەیمانان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە گواستنەوە و پاراستنی زیندانییەکان." ئاماژەی بەوەش دا، زیندانێکی دیاریکراو نییە بۆ نیشتەجێکردنی چەکدارانی داعش، بەڵکو بەسەر زیندانە جیاوازەکاندا دابەش دەکرێن.
پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق لەکاتێکدایە، بارودۆخی ئەمنی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناجێگیرە و مەترسیی هەڵاتنی زیندانییەکان لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیادیکردووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، ئامانجی کۆتایی ئەوەیە تا نزیکەی 7,000 زیندانیی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بگوازرێنەوە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەم هەنگاوەی بە "هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" وەسفکردووە. هاوکات، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستیکردووە بە رێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زیندانییانە.
بەرپرسانی عێراق دڵنیایی دەدەن، سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا بە توندی پارێزراون و سێ هێڵی بەرگریی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک دانراون. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە ئەو زیندانییانە وەربگرنەوە کە رەگەزنامەی وڵاتەکانی ئەوانیان هەیە، تاوەکو لەوێ دادگایی بکرێن.