دەزگای خێرخوازی بارزانی: سووتەمەنی زیاتر بۆ رۆژئاوای کوردستان ڕەوانە دەکەین
دەزگای خێرخوازی بارزانی، دابەشکردنی سووتەمەنی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ 300 هەزار لیتر زیاد دەکات.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەکوردستان24ـی راگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕیاریداوە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ رۆژئاوای کوردستان لە 100 هەزار لیترەوە بۆ 300 هەزار لیتر زیاد بکات.
سەبارەت بەشێوازی دابەشکردنی ئەو بڕە سووتەمەنیەش، موسا ئەحمەد گوتی، ئێستا قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی سووتەمەنی بەسەر خێزانەکاندا دەستی پێکردووە و بۆ هەر خێزانێكیش بڕی 40 لیتر نەوتی سپی پێ دەدرێت.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا لە چوار شوێنی رۆژئاوای کوردستان به بهردهوامی هاوكارییهكانیان دابهش دهكهن، ئەوانیش قامشلۆ، عامودا، گرکێ و لەگێن.
پێشتر کارزان نووری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا 102 بارهەڵگر هاوکاریی گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان، کە زیاتر لە 850 تۆن خۆراک و پێداویستی سەرەتایی لەخۆ دەگرێت.
پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا گوتی، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە، بڕی پێویستی سووتەمەنی دەنێردرێتە رۆژئاوای کوردستان."
لەبارەی ئەوەی تا کەی سووتەمەنییەکە دەنێردرێت، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتە ڕوو "ئەم پرۆسەیە بەردەوامدەبێت تا تەواوبوونی وەرزی سەرما."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممەش، 21ـی کانوونی دووەم، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەزنترین کاروانی هاوکاری مرۆییان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان.