بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: گەمارۆی سەر کۆبانێ کارەساتێکی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و داوای دەستوەردانی بەپەلە دەکەین

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی ڕای گشتیی ناوخۆیی و جیهانی کرد و تێیدا هۆشداری دا لە مەترسیی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە شاری کۆبانێ بەهۆی ئەو گەمارۆ توندەی خرابێتە سەری.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، گەمارۆی سەر کۆبانێ ژیانی سەدان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە و شارەکەی گەیاندووەتە لێواری کارەسات. دەشڵێت: کۆبانێ تەنیا شارێک نییە، بەڵکوو هێمای بەرخۆدان و ئەو شوێنەیە کە یەکەمین هێڵی بەرگری بوو دژی تیرۆر و پاراستنی بەها مرۆییەکان، بۆیە بەئامانجگرتنی ئەمڕۆی، هێرشکردنە بۆ سەر ئیرادەی گەلانی ئازاد.

لە بەرانبەر ئەم دۆخە مەترسیدارەدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی و گواستنەوەی بریندارەکان بەبێ هیچ مەرج و بەربەستێک.

بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانی بە بەرپرسیار زانی لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە، داواشی لێکردن دەستبەجێ دەستتێوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچەکانی کانتۆنی جەزیرە، کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتیی ناوخۆیی.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ستایشی بەرخۆدانی قارەمانانەی خەڵکی حەسەکە و کانتۆنی جەزیرەی کرد و داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد ئاستی بەرخۆدانی ڕەوا بەرزبکەنەوە و هەموو تواناکان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و پاشەڕۆژی نەوەکان یەکبخەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بێدەنگی لە ئاست ئەوەی ڕوودەدات هاوبەشیکردنە لە تاواندا، دەستتێوەردانی بەپەلەش ئەرکێکی مرۆییە و ناکرێت دوا بخرێت.