دیمەشق هەواڵی درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە رەت دەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە فەرمی کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە هیچ نیازێک بۆ درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتە لە ئارادا نییە.
ڕۆژی شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە.
ئاگربەستەکە کە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی دێت، مەرجی سەرەکیی تێیدا ئەوە بوو کە هەسەدە پلانێک پێشکەش بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم.
ئەمڕۆ، ئەو مۆڵەتە چوار ڕۆژییە کۆتایی دێت کە حکوومەتی سووریا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی دابوو.
ئامانج لەم مۆڵەتە رەخساندنی دەرفەت بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داڕشتنی پلانێکی ورد بۆ شاری حەسەکە و دیاریکردنی میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. بە پێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێک لە لایەن هەسەدەوە نەدراوەتەوە.
لە بەرانبەردا، ئاژانسی رۆیتەرز دوێنێ هەینی لە زاری سەرچاوەکانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بڵاوی کردبووەوە، کە ئەگەری هەیە ئەو مۆڵەتەی بۆ پێشکەشکردنی پلانی وردی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانیان بە پێکهاتەی دەوڵەتی سووریا دیاری کراوە، درێژ بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو، پێویستە ئاگربەستی ئێستا لە سووریا بەردەوام بێت، بە تایبەتی لە کاتی گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی داعش بۆ عێراق، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان.