جوان حاجۆ: سەرۆک بارزانی کارێکی پیرۆز بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

هونەرمەند جوان حاجۆ
هونەرمەند جوان حاجۆ

هونەرمەندی ناوداری کورد، جوان حاجۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، تیشکی خستە سەر بارودۆخی مەترسیداری ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵی گرنگی سەرۆک بارزانی لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرز نرخاند. 

حاجۆ ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵێکی ڕژد بۆ بنبڕکردن و قڕکردنی نەتەوەی کورد لە ئارادایە، بۆیە ئەمڕۆ وەک ڕۆژی مان و نەمانی کورد دەبینێت و داوای لە هەموو لایەک کرد کە بە ڕۆحێکی یەکگرتووانە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە گەورانە ببنەوە کە نەک هەر لەسەر ڕۆژئاوا، بەڵکو لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست بووە.

جوان حاجۆ بە خەمێکی قووڵەوە باسی لە گەمارۆدانی شاری کۆبانی کرد و ڕایگەیاند: دانیشتوانی ئەو شارە لە دۆخێکی مرۆیی زۆر خراپدان و بەدەست بێ ئاوی، بێ کارەبایی و کەمیی خۆراکەوە دەناڵێنن، بە جۆرێک کە سەرما و سۆڵە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵان.

 ناوبراو داوای لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە بێنە دەنگ بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو هێرشانەی کە ئامانجیان خستنەژێردەستەی گەلی کوردە، داواشی کرد هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بگەیەنرێتە لێقەوماوان.

سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی و مرۆیی سەرۆک بارزانی، جوان حاجۆ ستایشی بێوچانی هەوڵەکانی جەنابیانی کرد و کارەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە پیرۆز و مێژوویی وەسف کرد. هەروەها دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تەواوی هەرێمی کوردستان کرد کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و هاوسۆزییان بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوا دەربڕیوە، هیوای خواست ئەم ڕۆحی دڵسۆزییە لە نێوان هەر چوار  پارچەی کوردستاندا بەردەوام بێت.

ئەم هونەرمەندە نیشتمانپەروەرە جەختی لەوە کردەوە، ئێستا هەموو چالاکییە هونەرییەکانی وەستاندووە و تەواوی توانای خۆی بۆ داکۆکیکردن لە خاک و نەتەوەکەی تەرخان کردووە.

 حاجۆ ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژی بەرگرییە و پێویستە هەموو کوردێک لە هەر شوێنێک بێت، ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ پاراستنی ناسنامە و بوونی گەلی کورد لە بەرانبەر ئەو هەڕەشە مەترسیدارانەی کە ڕووبەڕووی میللەتەکەمان بووەتەوە.
هونەرمەند جوان حاجۆ وەک سیمبولێکی نەتەوەیی لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە هەمیشە دەنگی مەینەتییەکانی کورد بووە، لێدوانەکانی لەم کاتەدا هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و تێکچوونی باری مرۆیی لە ناوچە سنوورییەکان،  سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان لە مێژووی قەیرانەکانی سووریادا، هەمیشە وەک پەناگە و پاڵپشتێکی سەرەکی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بینراون، چ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و چ لە ڕێگەی گەیاندنی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانەوە کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێن.